کەرکووک
كەركووك كە یەك لە شارەكانی دەوڵەمەندی عێراقە لە بواری نەوتەوە رووبەڕووی كێشەی دارایی بووەتەوە و پارێزگاری كەركووكیش ھەوڵ بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشانە دەدات و بۆ ئەو مەبەستە بڕیار دراوە شاندێك كەنوێنەری ھەموو لایەنەكانی سیاسی پارێزگاكەی تێیادا بەشدار بن دابمەزرێت و ئەو كۆمسیۆنە سەردانی بەغدا دەكات و چەندین دیدار ئەنجام دەدات.
بە بەشداری ھەر یەك لە پارێزگاری كەركووك نەجمەدین كەریم و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێبوار تاڵەبانی و نوێنەر و ئەندامی ھەموو لایەنەكانی دیكە لە كەركووك كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان ئەنجام درا و دوای كۆبوونەوەكە نەجمەدین كەریم بە رۆژنامەنووسانی گوتی: "كۆمسیۆنێك دادەمەزرێنین كە نوێنەری ھەموو لایەنەكانی سیاسی تێیادا ئامادە بن".
كەریم گوتی: "ئەو كۆمسیۆنە بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكانی ئابووری كەركووك بدۆزێتەوە سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی ناوەندیدا كۆ دەبێتەوە. حكوومەتی ناوەندی پارە و بوودجەی كەركووكی نەداوە ئەمە لە كاتێكدایە كە پارە و بوودجەی ئەو شارانەی كە نەوت تێیایاندا بەرھەم دەھێنرێت وەكو بەسڕە، لە كاتی خۆیدا دراوە، بەڵام زیاتر لە شەش مانگە بەشە بوودجەی كەركووك روانە نەكراوە. سەرچاوەكانیشمان كۆتاییان پێھات و ناتوانین مووچەی كارمەندانمان دابین بكەین".
نەجمەدین كەریم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "حكوومەتی ناوەندی بەغدا ھێشتا پارەی مووسڵ كە لە ژێر دەستی داعشدایە روانە دەكات كەچی تا ئێستا پارەی كەركووكی كە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار ئاوارەی لە خۆ گرتووە نەداوە، حكوومەتی ناوەندی مانگانە زیاتر لە سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار روانەی مووسڵ دەكات، ئایا كەركووك پێویستی بە خاوێن كردنەوە، خزمەتگوزاری نییە؟ ئایا موختاری كەركووك نییە، ئایا بۆ ئەوەی كە ئۆتۆمبێلەكانی بۆمبڕێژكراوی داعش بە ئاسانی بتوانن ھێرشی سەر پێشمەرگە بكەن، پارەی خاوێن كردنەوەی جادەكانی مووسڵ دەدەن".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێبوار تاڵەبانیش گوتی: "كەركووك لە ساڵی ١٩٨٠وە تا ئەمڕۆ بە ھۆی نەوتەوە سەرچاوەی نانی عێراق بووە و بەشێكی زۆری نەوتی عێراق لە كەركووك بەرھەم ھێنراوە، كەركووك شارێكە كە عێراقی بەخێو كردووە بەڵام حكوومەتی ناوەندی نایەوێت كەركووك پێش كەوێت بۆیە ئەو كۆمسیۆنەی دادەمەزرێت لە بەغدا لەگەڵ بەرپرساندا كۆ دەبێتەوە و ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ كێشەكان دەدات و ئەگەر بێت و حكوومەتی ناوەندی ئەو كێشانەی كەركووك چارەسەر نەكات ئەوا وەكو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دوا بڕیاری خۆمان دەدەین.
بڕیاربوو لە چوارچێوەی سیستەمی پەترۆدۆلاردا بۆ ھەر یەك بەرمیل نەوت یەك دۆلار بدرێتە كەركووك و حكوومەتی ناوەندی پێش ھێرشەكانی داعش ئەو پارەیە بۆ ھەر بەرمیل نەوت ٥ دۆلار زیاد كردبوو بەڵام بە ھۆی شەڕی داعش، قەیرانی دارایی و دابەزین رێژەی ھەناردە كردنی نەوتەوە ئەو سیستەمە جێبەجێ نەكراوە.