ھەولێر
لە عێراق و بە تایبەتی لە ھەرێمی کوردستان ماوەی چەند مانگێکە سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش نرخی دۆلار لە بازاڕ بەرز دەبێتەوە و ئەو بەرز بوونەوەش کێشە و کاردانەوەی دیکە بە دوای خۆیدا دەھێنێتەوە بە جۆرێک زۆربەی خەڵک لە کڕین و فروشتنی کاڵا دەترسن.
زۆربەی کاڵا و پێداویستییەکانی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتانی بیانی بە دۆلار دەکڕدرێن ئەوەش یەکێکە لەو ھۆکارانەی کە کاسبکاران رۆژانە نرخی کەلوپەلەکان بگۆڕن و خەڵک کەم روو لە بازاڕ دەکات و تەنیا ئەو کەرەستانە دەفرۆشرێن کە پێداویستی سەرەکی ژیان بن.
لە بازاڕی دۆلارفرۆشان عەزیز سەعدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی ئەو رەوشە دەکات و دەڵێت "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیکە ١٥ ھەزار دینار نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبووتەوە بەڵام ئەوەی بەرچاوە رۆژانە ئەو نرخە کەم نابێتەوە و لە ھەموو بازاڕەکانی جیھان دۆلار بەرامبەر زۆربەی پارەکانی دیکە بەرز بووەتەوە بۆ نموونە لەو چەند رۆژەدا بەرامبەر بە لیرەی تورکی زۆر بەرز بۆوە. ئەوەی زیاتر بەرچاوە کەلوپەل لە بازاڕ گران دەبێت و ئەوەش وا دەکات کە خەڵک کەم رووی لە بازاڕ بکات. ھەرچەندە ئێمە بانکی ناوەندی عێراق بە ھۆکاری سەرەکی دەزانین بەڵام پێ دەچێت زیاتر پلانێکی سیاسی بێت کە دۆلار بەرامبەر بە ھەموو پارەیەک بەرز ببێتەوە".
دوکاندارێک بە ناوی کارزان بەکر باس لە کڕین و فرۆشتن دەکات و دەڵێت "پێشتر ئێمە ترسمان لە بازاڕ نەبوو بەڵام ئێستا مەترسیدارە زۆربەی ئەو خەڵکەی کە پێشتر بە کۆ کەلوپەلیان دەکڕی ئێستا ئەوەندە ترسیان ھەیە تەنیا چەند جۆرە ئەشیایەک دەبات بۆ ئەوەی بتوانێت رۆژانە بفرۆشێت ھەروەھا ئەو بەرزی و نزمی لە نرخی دۆلارە وای کردووە کە متمانەمان بە بازاڕ نەمێنێت".
سینان کازم فرۆشگایەکی جلوبەرگی ھەیە باس لە قەیرانی دارایی و کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی دۆلار دەکات لە سەر فرۆشتنی کەلوپەلیان و دەڵێت "جاران نرخی دۆلار کەم بوو ئێمە لە کڕینی کەلوپەل نەدەترساین بەڵام ئێستا بۆ ھەر دەفتەر دۆلار زیاتر لە یەک ملیۆن دینار زیان بە ئێمە دەگات ئەوش ھەموو وا دەکا کە ئێمە نرخی کاڵا ببەینە سەرەوە و ھەروەھا ئێمە لە وڵاتی چین بەدۆلار کاڵا دەکرین واتا ئەوە وای کردووە کە ئێمە بە ناچاری نرخی فرۆشتن بەرز بکەینەوە".
سستبوونی بازاڕ لە کاتێکدایە، سێ رۆژ بۆ مانگی رەمەزان ماوە. بە پێی نەریتێکی کۆمەڵایەتی بەر لەو مانگە و بە تایبەتیش لە سەرووبەندی جەژنی رەمەزان خەڵکی کوردستان ئامادەکاری پێویست دەکەن و بازاڕەكانی هەرێم جمەیان دێت. ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوو بوونی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و ئێستاش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و بە هۆیەوە شتومەک، بووەتە هۆی ئەوە کە کەمتر هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان بچنە بازاڕ.