سلێمانی
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەرباز محەمەد لە دیمانەیەكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە رەوشی ئاوارەكان و ژمارەی ئەو ئاوارانە لە ناوخۆ و دەرەوە، كێشە و گرفتەكان، هەروەها هۆكاری نەگەڕانەوەی ئاوارەكان، مەترسی گەورەی گۆڕانی دیمۆگرافیای عێراق بەهۆی ئاوارەكانەوە دەكات.
"خزمەتكردنی سێ ملیۆن ئاوارە كارێكی زەحمەتە"
وەزیری كۆچ و كۆچبەران لەبارەی ڕەوشی ئاوارەكان دواو گوتی:"نیشتەجێكردن و خزمەتكردنی نزیكەی سێ ملیۆن ئاوارە كێشەیەكی گەورەیە و ناتوانین لە ماوەیەكی دیاری كراوی كورتدا چارەسەری بكەین، لەبەر ئەوەی نیشتەجێكردنی نزیكەی 600 هەزار ماڵبات كارێكی زەحمەتە و پێداویستییەكانیان لە هەموو بوارەكاندا كێشەیەكی گەورەیە، بۆیە ناتوانین بڵێین رەوشی ئاوارەكان لە دۆخێكی زۆر باشدایە و نیوەی ئاوارەكان لە دۆخێكی زۆر سەختدان و ژیانێكی قورس دەگوزەرێنن و بەشی زۆری ئەوانەش لە كەمپەكاندان".
ئێستا سەرقاڵی ئەوەین پێداویستییە سەرەكییەكان لە كەمپەكان و خۆراكیان بۆ دابین بكەین، ئەوەش پێویستی بە وادەیەك هەیە تاوەكو دەتوانین ئەو پێداویستییانە پڕ بكەینەوە و لەو پرۆسەیەش بەردەوام دەبین.
"دوای پرۆسەكە كەوتین"
دەرباز محەمەد نایشارێتەوە كە دوای پڕۆسەكە كەوتوون و ئەوەش كاریگەریی لەسەر كارەكانیان هەیە، ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "كێشەی ئێمە ئەوەیە دوای پڕۆسەكە كەوتین و لە نێو حكوومەتی عێراقی حساب بۆ ئەوە نەكراوە جێگا بۆ ئەو ژمارە زۆرە ئاوارە بكەیتەوە، ئەوەش بە هۆی هاتنی داعش بەشێوەیەكی لە ناكاو و ئاوارە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتیان.
بۆ رزگاركردنی ئاوارەكان لە گەرمای هاوین و بێ ئاوی، سەرقاڵی ئەوەین موبەڕیدە و ئاوی پێویست و ژەمی نان خواردن بۆ ئاوارەی كەمپەكان دابین بكەین، بەڵام ئەم پڕۆسەیە ئامادەسازی پێشوەختی ویستووە و بە هۆی درەنگ پەسەندكردنی بوودجە و كەمی بوودجەی تایبەت و كاری رۆتینی كڕینی كاڵاكان و گواستنەوەیان ئەو پڕۆسەیە بە شێوەیەكی خاو بەڕێوە دەچێت.
"ژمارەی ئاوارەكان گەیشتە سێ ملیۆن كەس"
وەزیری كۆچ لەبارەی دوایین ئاماری ژمارەی ئاوارەكانەوە دەڵێ: "كۆی گشتی ژمارەی ئەو ئامارانەی لە وەزارەتی كۆچی عێراقی تۆمار كراون گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 900 هەزار كەس، هەروەها سەرقاڵی تۆماركردنی ناوی 100 هەزار كەسی ترین كە ئاوارە بون و تۆمار نەكراون".
لە ماوەی سێ مانگی رابردووشدا لە شاری رومادی و دەوروبەرییەوە نزیكەی 100 هەزار كەس ئاوارە بوون بەرەو شاری بەغدا و ناوچەكانی تری عێراق.
"گۆڕانكاری زۆر گەورە لە دیمۆگرافیای عێراق رودەدات"
ئەو لەبارەی مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافیای عێراقەوە دواو گوتی: "ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەی ئێستا بمێنێتەوە ئەوا گۆڕانكاری زۆر گەورە لە دیمۆگرافیای عێراق رودەدات لە دابەشبوونی پێكهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینیدا، بەڵام هیوامان وایە ئەو ناوچانەی ژێر دەستی داعش دوای ئازادكردنەوەیان دانیشتوانەكەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات.
لە عێراقدا چەند ناوچەیەك لەوانەش پارێزگای كەربەلا لە سەرەتاوە ڕەتیان كردەوە كە هیچ ئاوارەیەك وەربگرن، بەڵام هەرێمی كوردستان تائێستا بەردەوامە لە وەرگرتنی ئاوارەكان كە بەهەمانگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ئاوارانە بە فڕۆكە لە بەغداوە دێنە شارەكانی هەرێم.
"ساڵانە پێویستمان بە چوار ملیار دۆلارە بۆ ئاوارەكان"
وەزیری كۆچی عێراقی لەبارەی هاوكاری كردنی ئاوارەكان و بوودجەی وەزارەتەكەیەوە گوتی: "حكوومەتی عێراق لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2015 بڕی دوو ترلیۆن و 400 ملیار دینار كە دەكاتە 1.8 كۆی بوودجەی عێراق بۆ ئاوارەكان تەرخان بكات، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستمان كردووە بە كردنەوەی حسابی بانكی بۆ ئاوارەكان و تائێستا 395 هەزار خێزان كارتەكەی دەركردووە بۆ وەرگرتنی ئەو هاوكارییە كە سەرەتا هەر بڕی یەك ملیۆن دیناریان وەرگرتووە و بەخشینی ئەو پارەیەش بەردەوام دەبێت.
وەك وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانیش بۆ هاوكاری و خزمەتكردنی كەمپەكان و ئاوارەكان نزیكەی 60 ملیار دینارمان لە بەردەست دایە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی نەتەوە یەكگرتووەكان و خۆشمان ساڵانە پێویستمان بە چوار ملیار دۆلار هەیە بۆ هاوكاری كردنی ئاوارەكان.
"نیوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانن"
دەرباز محەمەد گوتی: "بەپێی ئاماری وەزارەتەكە نیوەی ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانن و پارێزگای دهۆكیش پلەی یەكەمی گرتووە نزیكەی 46 لەسەدی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانن و بەشەكەی تری لە پارێزگاكانی تری عێراقن، لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش پارێزگای دهۆك لە پلەی یەكەم دێت كە 122 هەزار خێزانی لە خۆ گرتووە، پارێزگای هەولێر بە پلەی دووەم دێت كە 95 هەزار خێزانی تێدایە، دواتر پارێزگای كەركووك 62 هەزار خێزان، بەغدا 58 هەزار خێزان و سلێمانی 45 هەزار خێزانی لە خۆ گرتووە. دابەشبوونی ئەو ژمارەیەی ئاوارەكانیش بەسەر پارێزگاكاندا بۆ هۆكاری جوگرافی و لایەنی ئەمنی و دابینكردنی پێداویستییەكان دەگەڕێتەوە".
بە گوتەی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق "بۆ ئاوارەكانی دەرەوەش كێشەی ئەوە هەیە ژمارەیەكی تەواوی ئاوارەكان بەشێوەیەكی ورد لە بەردەستدا نین، ئەو ئاوارانەی لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە ئاوارە بوون لە توركیا دەگاتە نزیكەی 60 هەزار و لە سووریا كەمتر لە پێنج هەزار كەس و لە ئوردن نزیكەی 10 هەزار كەسە، ئەوانەی ئوردن لە مەسیحییەكانن و بەشێكیان چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتین لە وڵاتی سێهەم بەشێكیشیان بێهیوا بوون لە چاوەڕوانی و هەوڵی گەڕانەوە دەدەن، ئەوانەی سووریا لە قامیشلۆدان و بەهۆی دۆخەكە و گیرانی رێگاكانەوە نەمانتوانیوە سەردانیان بكەین. بەگشتی كێشەمان لەوەدا هەیە ئەو پارەیەی لە بودجەدا هاتووە نوسراوە بۆ ئاوارە، ئەوەش پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە تاوەكو بۆ ئاوارەكانی دەرەوەش خەرج بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە پەرلەمان كردووە بۆ هەمواركردنەوەی یاساكەو بەخشینی بەشێك لەو پارەیە بە ئاوارەكانی دەرەوە".
" 40 كەمپ بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە"
دەرباز محەمەد لەبارەی ژمارەی ئەو كەمپانەی تائێستا بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە و رێژەی نیشتەجێبونی ئاوارەكان لە كەمپەكان گوتی: "تائێستا 40 كەمپ بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە و رێژەیەكی زۆر كەم لە خێزانەكان كە نزیكەی 18 لە سەدی ئاوارەكانن (80 هەزار خێزان) لە نێو كەمپەكاندان، ئەوانی تر بەسەر شارەكاندا دابەش بوون و چونەتە لای كەسوكاریان یان لە ناو شارەكاندا خانویان بەكرێ گرتووە و نیشتەجێ بوون. پلانی ئێمە ئەوەیە ئەو حاڵەتەی كە هەیە فریای بكەوین، ئەگەر نا پلانێك نییە كە بڵێن لە ماوەی ساڵی داهاتوودا 100 هەزار یەكەی نیشتەجێبون دروست دەكەین، بوودجەی پڕۆژەیەكی لەو شێوەیەمان نییە و بوودجەی ئەوەمان بۆ تەرخان نەكراوە".
"كەشی گەڕانەوە لە بار نییە"
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هۆكارەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان باس دەكات، ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "بەشێوەیەكی گشتی كەشی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ئەو ناوچانەی ئازاد كراون لەبار نییە و ئەوەی گەڕاوەتەوە بە شێوەیەكی پچڕپچڕ بووە، لە هەمانكاتدا لەو ناوچانە ژمارەیەك خەڵكی زیاتر ئاوارە بووە. گەڕانەوەی ئاوارەكان بەندە بە كۆتایهاتنی كردەوە سەربازییەكان و پاشماوەكانی شەڕ و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان و گەڕانەوەی دامودەزگاكان كە تائێستا ئەوانە نەكراوە. جگە لەو هۆكارانە هۆكاری خێڵەكی و تائیفی هەیە، بەنمونە هەندێك لە خێزانەكان تۆمەتبارن بەوەی پشتیوانی داعشیان كردووە یان لەگەڵیان بوون. ئێستا لە پارێزگای دیالە گەورەترین كێشە ئەوەیە كێ لەگەڵ داعش بووەو كێ لەگەڵی نەبووە، بە شێوەیەكی گشتی مامەڵەی هێزەكان لەگەڵ خەڵكدا نیگەرانی لێكەوتووەتەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

