ههولێر
سەردانی شاندی كۆماری ئیسلامی ئێران جیاواز لە سەردانەكانی تریان بۆ هەرێمی كوردستان، جگە لە پرسی ئابووری لایەنی ئاسایش و پرسی زیندانیان بەشێكی گرنگی ئەجێندای سەردانی شاندی ئەو وڵاتە بوو بۆ هەرێمی كوردستان.
بەیانی ئەمرۆ جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران حەسەن قەشقاوی لەشاری هەولێر سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان جەعفەر ئیبراهیم دیداری ئەنجامدا.
كۆبوونەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و تارانە هەروەها چەند بابەتێكی دیكەش پەیوەندی بە هەرێمی كوردستان و ئێرانەوە هەیە.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جەعفەر ئیبراهم و جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران حەسەن قەشقاوی باسیان لە چەند پرسێك كرد.
جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران حەسەن قەشقاوی گوتی: "دوێنی لەگەڵ وەزیری نێوخۆ بەڕێز كەریم سنجاری كۆبووینەوە، دیدارێكی باشمان ئەنجامدا و بەیانی ئەمرۆش لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم كۆبووینەوە، هەروەها دواتر لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان دیدارمان ئەنجامدا".
گوتیشی: "ئاغای لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی میوانی كردووە، بۆ ئەوەی سەردانی ئێران بكات، هەروەها سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری ئێرانیش سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانی میوانی كردووە، بۆ ئەوەی سەردانی ئێران بكات، سەبارەت بە چەند پرسێكی دادوەری و پەیوەندی نێوان هەرێم كۆماری ئیسلامی گفتوگۆ بكەن".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكرد هەرێمی كوردستان ئێران هەروەها عێراق و ئێرانیش پێشتر و ئێستاش پەیوەندی مێژووی باشیان هەبووە لە خۆشی و ناخۆشییەكانی یەكتریدا بەشداربوون".
جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، حەسەن قەشقاوی لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا باسی لەوەشكرد لەو دیدارەمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باسمان لە پرسی مادەكانی هۆشبەر و هەروەها تاوانی رێكخراوەیی - جەریمەی سازمانی بۆ ئێمە گرنگە بووە، قسەمان لەسەری كردوە. لە سەر پرسی تیرۆریش نموونەی سەرەكیان داعشە كە رۆژانە لەسەر ئەو بابەتە لە سەر هێڵین لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان".
قەشقاوی گوتیشی: "بابەتێكی تر كە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باسمان كردووە، لایەنی ئابووریە لە نێوان هەردوولا بێگومان پەیوەندی باشی ئابووری لە نێوان هەردوولامان گرنگەو دەبێت بەردەوامی پێبدەین".
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی ئاشكرا كرد كەیسی زیندایانی ئێران لە هەرێم و زیندانیانی هەرێمی كوردستان لە ئێران بابەتێكی گرنگە و لەسەر ئەوە قسەیان كردووە.
گوتیشی: "دەبێت زیندانیكراوەكان بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانیان بۆ ئەوەی ئەو ماوەی كە ماویانە لە وڵاتی خۆیان تەواوی بكەن، چونكە ئەوان هاووڵاتی ئێران و هەرێمی كوردستانن".
لەلای خۆیەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جەعفەر ئیبراهیم گوتی: "خۆشحاڵین بەسەردانی بەڕێز جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها بەخۆشحاڵیەوە سوپاسیان دەكەین، دەعوەتی شاندی پەرلەمانی كوردستانیان كردوە بۆ ئێران، ئێمە پەیوەندی نێوان هەولێر و تاران بە گرنگ و مێژووی وەسف دەكەین، دەخوازین پەیوەندیەكانمان بەردەوام بێت چونكە ئێرانیش دۆستێكی گرنگی گەلی كوردستانە و لە كاتە ناخۆشەكاندا بەهانای هەرێمی كوردستانەوە هاتووە".
جەعفەر ئیبراهیم باسی لەوەشكرد كۆماری ئیسلامی ئێران لەشەڕی داعش بەهانای هەرێمی كوردستان هاتووە و دەبێت ئەوەمان لەبەرچاوبێت سوپاسیان دەكەین".
سەبارەت بە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران حەسەن قەشقاوی رایگەیاند "ئەو پرسە نێوخۆیە پەیوەندی بە خەڵكی عێراق و حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقەوە هەیە ئێمە دەخوازین، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكرێن".
هاتنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ پەرلەمان، لە چوار چێوەی ئەو سەردانەیدایە بۆ هەرێمی كوردستان.