Aylin Dal,İsmet Karakaş
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە – AA
دادگای دەستووریی تورکیا داواکاری هەدەپەی بۆ "دواخستنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردن" رەتکردەوە.
هەفتەی رابردوو هەدەپە داوای لە دادگای دەستووریی کرد، تەواوی پرۆسەی دادوەریی بە بەرگریی زارەکییشەوە پەیوەندیدار بە دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرکۆمار و هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دوا بخات.
هەدەپە هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە بە رەچاوکردنی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی وەک بەڵگەنامەی سەلمێنەری نوێ کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە پێشکەش کراون، ماوەی ٣٠ رۆژ بەش ناکات بۆ ئەوەی پارتەکە بەتەواوی خۆی ئامادە بکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی، بۆیە داوای درێژکردنەوەی ماوەکەی کردووە بەشێوەیەک کە لە دوو مانگ کەمتر نەبێت.
دوای تەواوبوونی راپۆرتی ئەوانەی ئەرکدار کراون بە ئامادەکردنی راپۆرت لە بارەی داواکارییەکەی هەدەپە، ئەنجوومەنی گشتیی دادگای دەستووریی کۆبوویەوە.
دادگای دەستووریی بە تێکڕای دەنگ داواکارییەکەی هەدەپەی رەتکردەوە بۆ دواخستنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردن.
داواکاریی پارتەکە سەبارەت بە پێدانی دوو مانگی دیکە بۆ ئامادەکاریکردنی داکۆکیکردن لەخۆی دژبە بڕیاری بلۆککردنی هاوکارییەکانی حکوومەت بۆ ئەو پارتە، رەتکرایەوە و بڕیار درا ١٥ رۆژی دیکە بدرێتە پارتەکە. ئەوەش زانراوە کە هەدەپە بەپێی بڕیاری دەستەی گشتیی دادگای دەستووریی لە ١٤ی ئاداردا لە داداگا داکۆکیی لە خۆی دەکات.
- لەمەودوا پێواژووەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
لە قۆناغی یاسایی دۆسیەی داخستنی هەدەپەدا و لەسەر داواکاری دادگای باڵا، دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە و سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی لە پێنجی کانوونی دووەمدا بڕیاری دا ئەو هەژمارانەی هەدەپە کە تایبەتن بەو هاوکارییانەی حکوومەت پێشکەشی هەدەپەیان دەکات، بلۆک بکرێن و ماوەی یەک مانگیش درا بە پارتەکە تا لەم بارەیەوە داکۆکی لەخۆی بکات.
دوای وەڵامی هەدەپە، دووبارە دەستەی گشتیی دادگای دەستووریی، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری بلۆککردنی هاوکارییەکانی حکوومەت بۆ ئەو پارتە دەکاتەوە. لە دوای وەڵامی دەستەکەش بڕیار لەسەر جێبەجێکردن یاخود هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بلۆککردنی هەژمارەکان دەدرێت.
دوای بەرگریی زارەکی بەرپرسانی هەدەپە و بەرگریی پارتەکە سەبارەت بە بلۆککردنی هاوکارییەکانی گەنجینە، زانیاری و بەڵگەکان کۆدەکرێنەوە و راپۆرتی سەرەکیی ئامادە دەکرێت.
لە دوای دابەشکردنی راپۆرتەکە بەسەر ئەندامانی دادگای باڵادا، سەرۆکی دادگا زوھتو ئارسلان رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاریی دەکات. ئەندامانی دادگا لەو رۆژەی دیاریکراوە کۆدەبنەوە و پرسی داخستنی پارتەکە تاوتوێ دەکەن.