Muhammet Ali Kemal
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2016
ئانتاڵیا- AA
- لەئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە گەراجی ئۆتۆمبیلەکانی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ئانتاڵیا، 10 کەس برینداربوون.
- پارێزگاری ئانتاڵیا:
- ''لەئەنجامی تەقینەوەکەدا هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە. بەهۆی ئەوەی شووشەی پەنجەرەی ژمارەیەک بینای دەورووبەر شکاون، 10 کەس برینداربوون. هەرکاتێک بەڵگەی هۆکاری تەقینەوەکە دۆزرایەوە، بۆ رای گشتیی بڵاودەکرێتەوە''.
لەئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە گەراجی ئۆتۆمبیلەکانی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ئانتاڵیا، 10 کەس برینداربوون.
هۆکاری تەقینەوەکە تا ئێستا نەزانراوە و هەر دوای رووداوەکەش تیمەکانی فریاکەوتن، ئاگرکوژێنەوە و ژمارەیەکی زۆر پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە.
ئەو 10 کەسەی بریندارببوون لەرێگەی ئۆتۆمبیلەکانی فریاکەوتنەوە گەیەنرانە نەخۆشخانەکان.
هاوکات بەڕێوەبەری ئاسایشی ئانتاڵیا جەمیل تۆنبول بەمەبەستی سەرپەرشتی کردنی لێکۆڵینەوەکان هاتە شوێنی رووداوەکە.
لەدەورووبەری گەراجەکە کە هاووڵاتییان و کارمەندانی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ئانتاڵیاش دەیانتوانی بەکاری بهێنن، لە ئێستادا پۆلیس رێوشوێنی ئەمنیی توندی گرتووەتە بەر و رێگە بە چوونەژوورەوەی هاووڵاتییان نادرێت.
بەهۆی دەنگ و بەهێزیی تەقینەوەکەوە کارمەندانی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی تووشی شۆک بوون.
پۆلیس بۆ رێگەگرتن لەئەگەری ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی دیکە، چواردەوری بیناکەی بەتەواوەتی پشکنی.
- تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە
لەروونکردنەوەیەکی نووسراودا لەلایەن پارێزگای ئانتاڵیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە تەقینەوەکە لە گەراجی کراوەی پشتەوەی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ئانتاڵیا لەنێو ئۆتۆمبیلێکدا روویداوە و تا ئێستاش هۆکارەکەی دیاریی نەکراوە.
لەروونکردنەوەکەدا هاتووە ''لەئەنجامی تەقینەوەکەدا هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە. بەهۆی ئەوەی شووشەی پەنجەرەی ژمارەیەک بینای دەورووبەر شکاون، 10 کەس برینداربوون. هەرکاتێک بەڵگەی هۆکاری تەقینەوەکە دۆزرایەوە، بۆ رای گشتیی بڵاودەکرێتەوە''.
- ''زانیارییەکی روونمان سەبارەت بە هۆکارەکەی نییە''
سەرۆکی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی ئانتاڵیا، داوود چەتین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوەکرد تەقینەوەکە لە گەراجی بیناکەدا روویداوە و بەهۆی شکانی ژمارەیەک پەنجەرەوە هەندێک کەس برینداربوون، گوتیشی: ''بەڵام دۆخی تەندروستییان باشە و هیچ زانیارییەکی روونمان سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەکە نییە''.
هاوکات شایەتحاڵێک کە لە بینایەکی نزیک شوێنی رووداوەکە کاردەکات بەناوی فاتیح کۆجائەر، ئاماژەی بەوەکرد کاتێک ئەو لەکاتی کارکردندا بووە، تەقینەوەیەک روویداوە و کاتێک چووەتە شوێنی رووداوەکە 10-15 ئۆتۆمبیلی بینیوە کە زیانیان پێگەیشتووە.