Ramal Mahmood
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2016
باتمان - AA
- ئاوارە ئێزدییەکان کە لە ترسی هێرشکردنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر شنگال روویانکردووەتە تورکیا خۆشحاڵن بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ.
- میزگین خەلەف: "لەچیای شنگال چەندین جار تووشی هێرشەکانی داعش بووینەوە. نزیکەی ٥٠ کەسێک ماوەی دوو رۆژ لە ئەشکەوتی ناو چیاکە ماینەوە. دواتر هاتینە تورکیا و خوا ئێمەی رزگار کرد".
- حاجی ئیلیاس حەسۆ: "ئافرەت و منداڵەکانمانیان گرت. ژمارەیەکیان لێ کووشتن. داوای هاوکاری لە هەموو وڵاتان دەکەین بۆ رزگارکردنی ئافرەت و کچ و منداڵەکانمان لەدەستی داعش. دەمانەوێت وڵاتەکەمان لە داعش پاکبکریتەوە و بگەڕێینەوە وڵاتەکەمان".
ئاوارە ئێزدییەکان کە لە ترسی هێرشکردنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر شەنگالروویانکردووەتە تورکیا خۆشحاڵن بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ.
ئەو خێزانانە دوای ماندووبوونێکی زۆر بە رێگاوە گەیشتنە پارێزگای باتمان لە تورکیا و لە خێوەتگاکان نیشتەجێ بوون. لەچاوەڕوانی ئەوەدان لەگەڵ رزگارکردنی مووسڵدا ئارامی و ئاسوودەیی بگەڕێتەوە شنگال و دوورییان لە نیشتیمان کۆتایی پێ بێت.
بەهۆی هێرشەکانەوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی یەک مانگ بەڕێگەوە بوون گەیشتنە زاخۆ، لەوێوە هاتنە ناو سنوورەکانی تورکیا و رۆژانی ناخۆشی و ئەو هەموو ماندووبوونەیان بیرنەچووەتەوە.
میزگین خەلەف کە دایکی پێنج منداڵە لە کامپی گوندی ئوغورجەی سەر بە قەزای بەشەری لە پارێزگای باتمان جێگیربووە، گوتی: "لەچیای شنگال چەندین جار تووشی هێرشەکانی داعش بووینەوە. نزیکەی ٥٠ کەسێک ماوەی دوو رۆژ لە ئەشکەوتی ناو چیاکە ماینەوە. دواتر هاتینە تورکیا و خوا ئێمەی رزگار کرد". ئاماژەی بەوە دا کە دوو ساڵ و شەش مانگە لە تورکیا دەژی و پێداویستییەکانی خواردن و خواردنەوەیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باری لەناکاوی باتمان بۆ دەستەبەر کراوە.
خەلەف تیشکی خستە سەر ئەوەی لە تورکیاوە زۆر بیری وڵاتی خۆیان کردووە و تامەزرۆی بینینەوەی شنگالن، گوتی: "ژیان لە دووری ماڵ و حاڵی خۆمان زۆر سەختە. ئەگەر لێرە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی باری لەناکاو و مانگی سووری تورکیا هاوکارییان نەکردبوواین لەئاستەنگی زۆردا دەژیاین. هیوادارین چی زووە ناوچەکەمان بە تەواوی ئازاد بکرێت و ئێمەش بۆسەر خاکی خۆمان بگەڕێینەوە. هەریەکەمان بەلایەکدا پەرش بووین. ژمارەیەکمان هاتین بۆ ئێرە. ژمارەیەکی دیکەشمان چوونە ئەڵمانیا. پەرش و بڵاو بووین".
خەلەف ئەوەی خستەڕوو کە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و لە ماڵەوە جلشۆر و قاپشۆر و بەفرگریان هەبووە، بەڵام ئێستا لە کەمپدا جل و قاپەکانیان لە تەشتدا دەشۆن. ئاماژەی بەوە دا کە داعش خانووەکانیانی سووتاندن و رووخاندن، گوتی: "هێشتا ژمارەیەک کچ و لاومان لەژێردەستی داعشدا ماون. داواکارین چی زووە ئەوان بگەڕێنەوە ناومان. کچە بچووکەکانمان لەژێر دەستی داعشدان. ئەوانمان هەمیشە لەبیرن. دەمانەوێت وڵاتەکەمان لە داعش پاکبکرێتەوە".
حاجی ئیلیاس حەسۆ، ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە لەماڵ و حاڵ و نیشتیمانی خۆیان بوون، گوتی: "ئافرەت و منداڵەکانمانیان گرت. ژمارەیەکیان لێ کووشتن. داوای هاوکاری لە هەموو وڵاتان دەکەین بۆ رزگارکردنی ئافرەت و کچ و منداڵەکانمان لەدەستی داعش. دەمانەوێت ناوچەکەمان لە داعش پاکبکریتەوە و بگەڕێینەوە وڵاتەکەمان".
قاسم حەسەن رەشۆ،هاووڵاتییەکی دیکەیە و گوتی: "دڵخۆشین بەدەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ. ئێمە لەناو وڵات و ماڵ و حاڵی خۆمان پێکەوە دەژیاین. زەرەری کەسمان نەبوو کەچی ئەوە بوو بە بەڵا بەسەرمانەوە. لە ماڵ و حاڵی خۆمانیان کردین. رێی شاخ و چۆڵەوانییەکانمان گرتەبەر. خودا حەقمان بکات. خودا لە خەڵکی تورکیا رازی بێت، نزیکەی سێ ساڵە لێرە میوانداریمان دەکەن".
عیزەدین خەلەف،هاووڵاتییەکی شنگالی ئاوارەی تورکیایە ئاماژەی بەوە دا زۆر بیری وڵاتەکەیان کردووە بەڵام لەبەر داعش ناتوانن بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنەوە. سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا خەڵکی تورکیا لەگەڵیان زۆر باشن.