Abdullah Söylemez
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2021
ئاگری - AA
توێژەری ئیتاڵی تەمەن ٨٦ ساڵان، ئەنجیلۆ پالیگۆ، کە ماوەی ٣٥ ساڵە لە ئاگری توێژینەوە لەسەر کەشتی نوح دەکات و بەهۆی کێشەی تەندروستیی لەناکاوەوە رەوانەی ئەرزەڕوم کرا و لەوێ کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسێتی خۆی لە گۆڕستانی بناری چیای ئاگری بەخاک سپێردرا.
ئەنجیلۆ پالیگۆ کە لە ساڵی ١٩٨٦ەوە تا ئێستا ناو بە ناو سەردانی تورکیای کردووە و لە شارۆچکەی دۆغوبایەزید لە بناری چیای ئاگری کە باوەڕوایە کەشتی نوحی لێبێت سەرقای کاری توێژینەوە بووە، شەش مانگ لەمەوبەر لە هۆتێلێکی شارۆچکەکە نیشتەجێ بووە و کاتێ باری تەندروستیی تێکچووە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی حکوومی پرۆفیسۆر د. یاشار ئەریڵماز لە دۆغوبایەزیت.
دوای ئەوەی باری تەندروستیی زیاتر تێکچووە پالیگۆ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ئەرزەڕۆم و سەرەڕای هەموو هەوڵەکان نەتوانرا رزگار بکرێت و لە ١٥ی ئابدا گیانی لەدەستدا.
تەرمی پالیگۆ کە لەو رۆژەوە تا ئێستا لە مەیتخانەی نەخۆشخانەکە بوو، گەشتیار مورات شاهین کە وەکالەتی خێزانی پالیگۆی پێبوو بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت تەرمەکەی لە نەخۆشخانە وەرگرت و گواستیەوە بۆ دۆغوبایەزیت.
تەرمی پالیگۆ لەسەر وەسێتی خۆی لە گۆڕستانی بناری چیای ئاگری بەخاک سپێردرا.