Sergen Sezgin,Fatih Çapkın
27 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2022
بورسا – AA
چیای ئوڵوداغ، کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی خلیسکانی سەر بەفر و گەشتیاریی زستانەی تورکیا، لە رۆژەکانی کۆتایی ھەفتەدا بووەتە جێگەی بایەخی سەردانیکەرانی.
چیای ئوڵوداغ، کە ساڵانە میواندارێتی ھەزاران گەشتیاری ناوخۆیی تورکیا و بیانی دەکات، بە تارای سپییەوە وێنەیەکی ناوازە نمایش دەکات.
سەردانیکەران کە بە تایبەتی لە رۆژەکانی پشووی کۆتایی ھەفتەدا دەرفەتی ھاتنیان ھەیە، بە لێشاو روویانکردە رێرەوەکانی خلیسکانیی ئوڵوداغ.
بەسەرکردنەوە و پشکنینەکانی تیمەکانی جەندەرمە، بۆ رێگرتن لە ھەر رووداوێکی نەخوازراو بەردەوامە.
دۆغان فەھمی ڤوڕاڵ، کە گەشتیارێکی ناوخۆیی تورکیایە، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەم جارێتی دێت بۆ چیای ئوڵوداغ و زۆر پڕجۆشە و گوتی:
" چیای ئوڵوداغ زۆر قەرەبالغە. پێشبینم نەکرد هێندە قەرەباڵەغ بێت. کە ھاتین لە رێگادا ئەو دار سنۆبەرانەمان بینی کە بە بەفر داپۆشراون. شوێنێکی ناوازەیە بە دیمەن و ھەوای پاک. بە ھیچ شێوەیەک پەشیمان نیم لە ھاتنمان بۆ ئێرە. ئامۆژگاری ھەموو کەسێک دەکەم بێن بۆ ئێرە".
لەلای خۆیەوە حەسرەت ڤوڕال، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەوڵی فێربوونی خلیسکانی سەربەفر دەدات و زۆر چێژی لێوەردەگرێـت و گوتی: "سرووشتی چیای ئوڵوداغ زۆر جوانە. ھەواکەی دڵی کردینەوە."
