Yasemin Kalyoncuoğlu
06 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە – AA
وەزیری ژینگە، شارسازیی و گۆڕانی كهشوههوای توركیا، موراد کوروم رایگەیاند بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی، لە ماوەی ٥٢ ساڵی رابردوودا گەرمترین مانگی کانوونی یەکەمیان بەڕێکردووە و باران بارین بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
موراد کوروم لە پەیامێکیدا لە رێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی بڵاو کردەوە.
کوروم دەڵێت: "گەرمترین مانگی کانوونی یەکەمی ماوەی ٥٢ ساڵی رابردوومان بەڕێکرد. باران بارین بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. هەمووکات دەڵێین، سەرچاوەکانمان بێسنوور نین. بەم هۆشیارییەوە کاردەکەین و هەنگاوەکانمان دەنێین. دەبێت هەموومان ئەوی دەکەوێتە ئەستۆمان ئەنجامی بدەین".
- تێکڕای پلەکانی گەرما لە تورکیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا هەشت پلە بووە
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، وەزیری ژینگە، شارسازیی و گۆڕانی كهشوههوای تورکیا هەڵسەنگاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی بۆ پلەکانی گەرمای تورکیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکان، تێکڕای پلەکانی گەرما لە ماوەی نێوان ١٩٩١-٢٠٢٠دا ٤،٨ پلە بووە. تێکڕای پلهی گهرما له مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا بە زیادبوونی ٣،٢ پلە گەیشتووەتە هەشت پلە.
ئهمه بەرزترین تێکڕای مانگی کانوونی یەکەمە لە ماوەی ٥٢ ساڵدا کە ساڵەکانی ١٩٧١-٢٠٢٢ دەگرێتەوە و لە ٢٥٥ ویستگەی هەڵسەنگاندنی كهشوهەوا وهرگیراوه. دووەم بەرزترین تێکڕای مانگی کانوونی یەکەم لەنێو مانگەکانی کانوونی یەکەمدا لە ساڵی ٢٠١٠دا بە ٧،٨ پلە تۆمارکراوە. بەرزترین پلەی گەرمای تورکیا لە ساڵی ٢٠١٠دا ٥،٥ پلە بووه.
- تێکڕای پلەی گەرمی لە ئانادۆڵوی ناوین لە مانگی کانوونی دووەمدا ٤،٦ پلە بوو
لە ئەنجامی ئەو بەراوردەی کە کراوە، تێکڕای پلەکانی گەرما له ناوچەی مەڕمەڕە حەوت پلە بووە و تێکڕای پلەی گەرما لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا بە ١٠،٣ پلە پێوراوە.
لە کاتێکدا تێکڕای پلەکانی گەرما لە ناوچەی ئیجە بۆ ساڵانێکی دوورودرێژ ٧،٩ پلە بووە، تێکڕای پلەکانی گەرما لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا بە ١٠،٨ پلە بووە و تێکڕای پلەکانی گەرما لە ناوچەی دەریای سپی کە ٩،١ بووە، بووهته ١١،٨ پلە و تێکرای ناوچەی ئانادۆڵوی ناوین لە ١،٥ پلەوە بۆ ٤،٦ پلە بەرزبووەتەوە.
هاوکات تێکرای پلەکانی گەرما لە ناوچەی دەریای رەش کە ٤،٨ پلە بووە بۆ ٧،٨ پلە بەرزبووەتەوە، ناوچەی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵوش لە ١،٥ پلەوە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا بۆ ٢،٤ پلە بەرزبووەتەوە.
دۆخی ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵوش نەگۆڕاوە و تێکڕای پلەکانی گەرما کە ٤،٦ پلە بووە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، تێکڕاکە بۆ ٩،٢ پلە بەرزبووەتەوە.