Enes Kaplan,Aynur Ekiz,Abdullah Shukur
30 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2019
ئەنقەرە - AA
لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە کە تیایدا ھاتووە "تورکیا ھەوڵە نیازپاکەکانی خۆی لەبارەی پڕۆژەی دروستکردنی ناوچەی ئارام بەمەبەستی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری، زیاد دەکات و لەمبارەیەوە ھەنگاوی گەورەتر دەنرێت".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە و دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە راگەیاندراوێک بڵاوکرایەوە کە تیایدا باسی پێشھاتی گرنگی ناوخۆیی و دەرەکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی تورکیا کراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەبارەی بەردەوامی خەباتی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە دژی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/پەیەدە-یەپەگە، فەتۆ و داعش زانیاری بە ئەنجوومەنەکە دراوە و ئەم پرسەش بە وردی تاوتوێی لەسەر کراوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە تورکیا لە گشت دەرفەتێکدا لایەنگری خۆی لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەریی سیاسی لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی سووریا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگەیاندووە.
لە راگەیەندراوەکەدا زیاتر ھاتووە "تورکیا ھەوڵە نیازپاکەکانی خۆی لەبارەی پڕۆژەی دروستکردنی ناوچەی ئارام بەمەبەستی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری، زیاد دەکات و لەمبارەیەوە ھەنگاوی گەورەتر دەنرێ. ھیچ دوودڵ نین لە خستنەڕووی ئیرادەی پێویست بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی نەتەوەیی. ھاوکات جەخت لەسەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ لە باکووری عێراق لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە تا لەناوبردنی تەواوی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا دەکەینەوە. تورکیا پێداگرە لە داواکردنی مافەکانی خۆی لە رۆژھەڵاتی دەریای سپی لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەردەوامی چالاکییەکانی خۆی لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ کۆماری تورکی قوبرسی باکوور واژوو کراوە".