Abdullah Shukur
12 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2018
ئیزمیر - AA
دوای ئەوەی پیاوی ئایینی بهڕهگهز ئهمریكی، ئاندریو كرایگ برونسۆن کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و سیخوریکردن بە ناوی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە و فەتۆ، سزای زیندانی سێ ساڵ و یەک مانگ و ١٥ رۆژی بەسەردا سەپێنرا، پارێزەری ناوبراو، ئیسماعیل جەم ھالاڤورت رایگەیاند، بۆ ئەوەی مەرجی چاودێری دادوەری لەسەر بریکاردارەکەی ھەڵبگیرێت پێویستە یەک دوو مامەڵە بکرێت و لە دوای لێکردنەوەی کەلەپچەی ئەلیکترۆنی، برونسۆن دەتوانێت بچێتە دەرەوەی وڵات.
دوای بڕیارەکەی ھۆبەی ٢ی دادگای سزای قورسی ئیزمیر لەبارەی برونسۆن، پارێزەری ناوبراو، ئیسماعیل جەم ھالاڤورت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند دادگای تورکیا سزای زیندانی سێ ساڵ و یەک مانگ و ١٥ رۆژی بەسەر بریکاردارەکەیدا سەپاندووە و ئەمەش نزیکە لە ماوەی دەستبەسەرکردنی، لەگەڵ ھەڵگرتنی چاودێری دادوەری، ئیتر برونسۆن ئازاد کراوە.
ھالاڤورت گوتیشی: "بریکاردارەکەم دەچێتە دەرەوەی وڵات، یەک دوو مامەڵە ماوە بۆ ئەوەی مەرجی چاودێری دادوەری لەسەر ھەڵبگیرێت. زۆر ناخایەنێت".
ھالاڤورت جەختیشی لەوە کردەوە کە برونسۆن تورکیای خۆشدەوێت، بەڵام لەدوای ئەم رۆژەڤە بەھۆی نیگەرانی ئەمنی دەیەوێت بچێتە دەرەوەی وڵات. راشیگەیاند کە بەرپرسانی ئەمریکا کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککارەکانی چوونە دەرەوەی برۆنسۆن لە تورکیا.