Süleyman Tunç,Abdullah Shukur
09 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2019
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی پەیوەندی دووقۆڵی و پێشھاتەکانی ناوچەکە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جۆن بۆڵتن ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا، دامەزراندنی ناوەندی جموجۆڵی ھاوبەش و زیاترکردنی قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، جۆن بۆڵتن ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کاڵن و بۆڵتن باس لەوە کراوە کە ھەستیارییە ئەمنییەکانی تورکیا لەبەرچاوگیراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە بە زووترین کات رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا جێبەجێ بکرێت.
ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان کاڵن و بۆڵتن جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بە دروستکردنی ناوچەی ئارام، "رێڕەوی ئاشتی" شوێنی رێڕەوی تیرۆر دەگرێتەوە و زەمینەی لەبار دەڕەخسێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ھاووڵاتییە سووریانەی کە ئاوارەبوون.
ھاوکات ھەردوو لایەن ئاماژەیان بە جێبەجێکردنی دروستکردنی ناوەندی جموجۆڵی ھاوبەش لە نێوان ئەمریکا و تورکیا کردووە و تاوتوێی پرسەکانی خێراکردنی قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و کۆمسیۆنی دەستوور کراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژە بە گرنگی سەردانەکەی وەزیری بازرگانی ئەمریکا، ویلبور روس لە مانگی ئەیلوولی داھاتوو بۆ تورکیا کراوە بەمەبەستی زیاترکردنی قەبارەی بازرگانی ھەردوو وڵات.
ھاوکات باسی وردەکاری سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ تورکیا کراوە کە بڕیارە ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.