16 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2021
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکییەی کرد کە کرایە سەر هەولێر و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی مەدەنی کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خەڵکی هەولێر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش کراوە کە تورکیاشی لەنێودایە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''لەو باوەڕەداین کە بەرپرسانی عێراق بەخێرایی ئەوانە دەدۆزنەوە کە لە پشت ئەو هێرشە قێزەونەن و رووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە''. ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئەو هێرشە جارێکی دیکە دەریخست کە پێویستە رێگە نەدرێت هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستیی لەسەر خاکی ئەو وڵاتە هەبێت لەبەر ئاشتیی، سەقامگیریی و سەروەری ئەو وڵاتە و پێویستە دەزگا نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی گشتگیر بەهێز بکرێن.
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە ''بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە مووشەکییە دەکەین کە کرایە سەر هەولێر و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی مەدەنی کردووەتە ئامانج''.
- هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر
هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە ربەرایەتی ئەمریکا رایگەیاند، لەو هێرشەی کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڵێندەرێکی مەدەنی گیانی لەدەستداوە و پێنج کارمەندی گرێبەست و سەربازێکی ئەمریکیش بریندار بوون.
لەو هێرشە مووشەکییەی کرایە سەر فڕۆکەخانەی شارەکە کە بنکەی سەربازیی ئەمریکاشی لێیە، سێ کەس برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی فەرمانی دەرکردووە بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە.