15 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2021
ریزە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند: "ئێستا ئیدی فریودان نییە، ئەگەر ئێمە لە ناتۆدا لەگەڵتانداین، ئەگەر ئێمە لە جیهاندا و لە ناتۆدا بەردەوامین لەسەر بەیەکەوەیی، ئەوا دەبێت راستگۆیانە کارمان لەگەڵ بکەن، نابێت لە پاڵ تیرۆریستاندا بن".
لە میانی بەشداریکردنی لە حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا لە پارێزگای ریزە، رهجهب تهیب ئەردۆغان لهوێوه لە رێگەی پەخشی راستەوخۆوە بەشداری کرد لە حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە ئاکسارای-ئەسکیشەهیر-کۆنیا.
ئەردۆغان بە رێز و خۆشەویستیەوە سڵاوی لە بەشداربووانی کۆنگرەکان کرد و، پیرۆزبایی مانگی رەجەبی لێکردن و، سوپاسی ئەوانەشی کرد کە تا ئەمڕۆ لە رێکخستنەکانی پارتەکەیدا ئەرکیان بینیوە.
سهركۆماری توركیا ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەوێت باس لە بابەتی تیرۆر بکات کە ٤٠ ساڵە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ روانگەیەک کە لە رابردووەوە تا ئەمڕۆ هاتووە و درێژ دەبێتەوە بۆ ئاییندە و، رایگەیاند: "داوای لێخۆشبوون لە خوا بۆ ئەو سێ سەربازەمان دەکەم کە لە ئۆپەراسیۆنی چنگی-هەڵۆ-٢ کە بۆ پەرتەوازەکردنی لانەکانی تیرۆر لە باکووری عێراق دەستمانپێکردووە لەگەڵ ئەو ١٣ برا شەهیدەمان کە لە لایەن تیرۆریستانەوە بە نزیمترین شێوە کۆمەڵکوژکراون. ئەو برایانەمان هەندێکیان پێنج ساڵ و هەندێکیشیان شەش ساڵ لای ئەو تیرۆریستانە دیل بوون. لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ هەمیشە حسابی ئەوەمان دەکرد کە چۆن ئەو برایانەمان لە دەستی ئەو تیرۆریستانە رزگاربکەین، زۆرمان هەوڵدا".
رهجهب تهیب ئەردۆغان، ئەوەشی خستەڕوو کە دەیانەوێت ئیدی بە سازکردنی ئۆپەراسیۆن دیلەکان رزگار بکەن و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو کارانەی لە لایەن وەزیری بەرگریی، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، هەواڵگریی و پۆلیس بەیەکەوە کراون هەنگاو گیرایە بەر. گوتمان کە لە یەکەم قۆناغدا، دەچینە حەشارگە و ئەشکەوتەکانیان و لەو میانەشدا ٤٢ تیرۆریستمان لەناوبرد. سەبارەت بەو دیلانەی شەهیدکراون. ئێستا ئێمە پێشنیاری لێکۆڵینەوەیەک لەو بارەیەوە دەدەینە پەرلەمان و هەم وەزیری ناوخۆ هەمیش وەزیری بەرگریی هەموو وردەکارییەکانی ئەوە لە پەرلەمان دەخەنە رۆژەڤەوە. بەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆن، کاک ناجی باسمان لەوە کرد. هەنگاوی ئەوەیش دەگرینە بەر. چونکە درۆ لای نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوان زۆرە. بەدڵنیاییەوە دەرک بەوە دەکەن کە ئەوانە چۆن درۆ بۆ دەورووبەریان دەکەن. بە بێ ئەوەی هەل بەوانە بدەین راستیی کارەکە چۆنە باسی دەکەین. هاوڕێیانمان باسی ئەوانە دەکەن. ئەوانەی لە کارەکەدان خودی خۆیان وەزیری بەرگریی، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و وەزیری ناوخۆ باسی دەکەن با راستییەکان دەرکەون".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەوەتا ئەمریکا روونکردنەوەیەکی هەیە. خۆ ئێوە لە پاڵ تیرۆریستاندا نەبوون، خۆ ئێوە لە پاڵ پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە نەبوون، بەڵام لە پاڵیاندان و لە پشتیانن. بە داخەوە هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان بەدیکرد. هەزاران بارهەڵگر تانکیان هێنا بۆ باکووری عێراق، هەزاران بارهەڵگر تەقەمەنیان هێنا و ئەوانەیان رادەستی تیرۆریستان کرد. هێزە ئەمنییەکانمان لەگەڵ ئەو تیرۆریستانە جەنگان. ئێستا ئیدی فریودان نییە، ئەگەر ئێمە لە ناتۆدا لەگەڵتانداین، ئەگەر ئێمە لە جیهاندا و لە ناتۆدا بەردەوامین لەسەر بەیەکەوەیی، ئەوا دەبێت راستگۆیانە کارمان لەگەڵ بکەن، نابێت لە پاڵ تیرۆریستاندا بن. ئەگەر دەورتان دەبێت پێویستە لە پاڵ ئێمەدا بن. لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە سوپای تورکیامان لە یەکێک لە سەختترین جوگرافیای جیهاندا بەڕێوەی برد، سوپاس بۆ خوا خوێنی شەهیدانی بەفیڕۆ نەدا، ٥٣ تیرۆریست لەچالاکی خران لەوانەش ٥١یان کوژراون".