Ahmet Furkan Mercan
08 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2019
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی رایگەیاند کە تورکیا سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ناوچەی ئارام بەئامانجی بەرجەستەکردنی سەقامگیری و ئاشتی، خۆشگوزەرانی سووریا و پاراستنی ئاسایش و مانەوەی خۆی، پاککردنەوەی رۆژهەڵاتی فورات لە تیرۆریستان.
حامی ئاکسۆی لەبەرامبەر وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانی ژمارەیەک لە بەرپرسانی بیانی دەربارەی ناوچەی ئارام کە لە رۆژهەڵاتی فورات بنیات دەنرێت ئاماژەی بەوەدا کە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستان کە لە سووریاوە سەرچاوە دەگرێت، مافێکی سەرەکی تورکیایە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا تا ئەمڕۆ هەوڵی تەواوی خۆی خستووەتەگەڕ تاکو لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا ئەو رێوشوێنە بگرێتە بەر و گوتی: "لە رێگەی ناوچەی ئارام کە لە باکووری سووریا بنیات دەنرێت، هەنگاوی نیازپاکی و ئەرێنیمان نا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییە شەرعییەکانمان و بە ئامانجی کردنەوەی رێگەی بەردەم گەڕانەوەی ئارامانە و ئارەزوومەندانەی سەدان هەزار هاووڵاتی سووریا کە لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون."
حامی ئاکسۆی ئاماژەی بەوەدا کە لەو دۆخەی ئێستادا بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە و گوتی:
"لە پرۆسەکەدا بیرۆکراسییە ئەمنییەکانی ئەمریکا لەبری ئەوەی کۆتایی بهێنن بە پەیوەندییەکەیان لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی پەیەدە\یەپەگە کە رۆژهەڵاتی فوراتی داگیرکردووە، ئەمەیان زیاد کردووە و هەڵوێستێکیان نواندووە کە دژبە پەیوەندییە هاوپەیمانێتییەکانی ئێستایە لەگەڵ وڵاتەکەمان. تورکیا وەک ئەندامێکی بەرپرسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سوورە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە تیرۆرێک. ناتوانین بێدەنگ بین و تەنها ببین بە تەماشاکەری رێکخراوی تیرۆریستیی پەیەدە\یەپەگە\ پەکەکەی دووانەی رۆحیی داعش کە ناسراوە بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی لەبەرامبەر خەڵکی سووریا و خەڵکی ئێمە و وڵاتەکەمان و رێگە بە تەشەنەکردنی نادات. تورکیا سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ناوچەی ئارام بەئامانجی بەرجەستەکردنی سەقامگیری و ئاشتی، خۆشگوزەرانی سووریا و پاراستنی ئاسایش و مانەوەی خۆی، پاککردنەوەی رۆژهەڵاتی فورات لە تیرۆریستان. بەم هۆیەوە لە ناوچەکەدا زەمینەسازیەکی بەهێز دەکرێت تاکو هەر هەڕەشەیەکی شێلگیرانە دژبە یەکپارچەیی خاک و یەکڕیزی سووریا لە ناوچەکە لەناوببرێت و رێگە بە سەرهەڵدانەوەی هەر کێشەیەکی وەک داعش و هاوشێوەکانی نەدرێت".