Mazın Asad
21 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2017
موغڵا - AA
پارێزگاری موغڵا، ئەسەنگول جیڤەلەک رایگەیاند "ئەو بوومەلەرزەیەی کە بە گوڕی ٦،٣ پلە بە پێوەری رێختەر کەناراوەکانی شاری موغڵای سەر دەریای ئیجەی هەژاند، ھیچ زیانی گیانی و ماددی ئەوتۆی لێ نەکەوتووەتەوە".
پارێزگاری موغڵا، ئەسەنگول جیڤەلەک لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکە دەستیان بە کارو چالاکی بەرفراوان کردووە.
پارێزگاری موغڵا ئاماژەی بەوە دا کە بوومەلەرزەکە ترس و دڵەڕەواکێی لە نێوان ھاووڵاتییان دروست کردووە و گوتیشی: "لە ئێستادا بە گشت شارۆچکەکانمان گەیشتوون و بە پێی ئامارە بەراییەکان لە سەرانسەری شارەکە ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی ئەوتۆ نەکەوتووەتەوە. ھیچ باڵەخانەیەک نەڕووخاوە. بەڵام چەند کەسێک بە ھۆی ترسەوە خۆیان ھەڵداوە و بە سووکی بریندار بوون، ھەروەھا کارەباش نەپچڕاوە".
- منارەی مزگەوتێک زیانی بەرکەوتووە
بوومەلەرزەکە بە توندی لە شارۆچکەی بۆدروم ھەستی پێکرا و ھاووڵاتییانی شارۆچکەکە شەوی رابردوویان لە کۆڵانەکان بەسەر برد.
ھاوکات بە ھۆی لەرینەوەی زەوی، زیان بە منارەی مزگەوتێکی نزیک گۆڕەپانی شارۆچکەی بۆدروم کەوتووە.
ھەر بەھۆی بوومەلەرزەکەوە بۆ ماوەیەکی کەم کارەبا پچڕا و ژمارەیەک لەو کەسانەی کە بە ھۆی ترسەوە لە بەرزاییەوە خۆیان فرێداوەتەوە خوارەوە بریندار بوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی گشتی و نەخۆشخانە تایبەتەکانی بۆدروم.