Muhammet Mutaf,Günay Nuh,Cüneyt Çelik,Hüseyin Demirci
27 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2022
ئەرزەڕۆم - AA
لە هەندێک شاری ناوچەی رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ، ئەو شەپۆلی سەرمایەی لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکردووە، تا ئێستاش بەردەوامە.
نزمترین پلەکانی گەرما لەو شارە بەم شێوەیە بوون: قەرس و ئاگری ١٥، ئەردەخان ١٤، ئەرزەڕۆم ١٢، دەرسیم و ئەرزینجان دوو و، ئیدر یەک پلە ژێر سفر.
ئەستووری بەفر لە ناوەندی شاری ئاگری ٤٦ سانتیمەتر، لە ئەرزەڕۆم ٢٥، لە ئەردەخان ٢٤ و لە قەرس ١١ سانتیمەتر بوو.
لە ئەرزەڕۆم بەهۆی ساردی هەواوە شەقام و پلیکانەکان بەستیان و چلوورە بە سەقفی بیناکاندا هاتەخوارەوە.
تیمەکانی شارەوانی شارەکەش بەردەوامن لە شکاندنی سەهۆڵەکان و خوێکردن بە رێگاکانەوە.
- قەرس
لە پارێزگای قەرس باکووری خۆرهەڵاتی تورکیا بەهۆی سەرماوە سەقفی بیناکان چلوورەیان گرتووە. تیمەکانی شارەوانیش لە هەوڵی پاککردنەوەی سەهۆڵی سەر شەقام و پلیکانەکاندان.
هەروەها لە شەوی رابردووەوە بەفر بارین دەستیپێکرد و تا بەیانی بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام بوو.
لە شارۆچکەی ساریقامیش دوای بارینی بەفر هاووڵاتییان سەقف و بەردەرگای ماڵەکانیان پاککردەوە.
تیمەکانی شارەوانیش لەسەر رێگای سەرەکی قەرس- ئەرزەڕۆم، دەستیان بە راماڵینی بەفر کرد.
- ئەردەخان
شەوی رابردوو، شەپۆلێکی سەرمای بەهێز رووی لە پارێزگای ئەردەخان کرد، بەڵام لە بەیانیدا لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر چلوورەی گوێسەبانەکان و بەفری سەر پلیکانەکان دەستیان بە توانەوە کرد.