Abdullah Shukur
02 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2018
دوزجە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم گوتی: "گورزی گورچکبڕمان لە تیرۆریستان وەشاندووە و جارێکی دیکە ھەناسەیان پێ نادرێت. تاکو بە تەواوی کۆتایی بە تیرۆر دێت لە ناو وڵات و لەسەر خاکی وڵاتانی دراوسێ ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن. ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە ئاسوودەیی، ئاشتی و ئاسایشی گەلەکەمان بگەیەنن، ناھێڵین چاویان بکەنەوە".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری پارتەکەی لە شاری دوزجە وتارێکی پێشکەش کرد.
بینالی یڵدرم گوتیشی: "لە ٢٤ی حوزەیران قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات. پەرلەمان یاسا دەردەکات و حکوومەتیش ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبات".
بینالی یڵدرم لەبارەی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا گوتی: "کاندیدەکانی دیکە و ئەمانە بوونەتە دەمڕاستی یەکتر، ئایا کێشەیان چییە؟، بوونەتە دەمڕاستی یەکتر. بڕیاریانداوە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەسەڵان بھێنە خوارەوە، ئایا ئێوە ھێزی تەواوتان ھەیە بەرامبەر پیاوی گەل؟".
بینالی یڵدرم راشیگەیاند کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئیرادەی گەلی ھێناوەتە نێو سیستەمی حوکومڕانی تورکیا و لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "ئەوەی ئەوان بەرگەی ناگرن سەرکەوتوویی ١٦ ساڵەی حوکمڕانی و گۆڕانکاری ئەم مێژووەیە. رەجەب تەیب ئەردۆغان ئیرادەی گەلی ھێناوەتە دەسەڵات لەبەرئەوەی سیستەمی کودەتاچی و وەسایەتچییەکانی تێکدا بۆیە نایانەوێت. لەبەرئەوەی نەیانتوانی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان رەجەب تەیب ئەردۆغان بکەنە داردەست و رادەستی ئەوان نەبوو دەیانەوێ لە دەسەڵات بیھێننە خوارەوە".