Zafer Göder
10 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2022
بۆڵو - AA
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەستکەوتوون، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بارانبارینی بەخوڕ لە قەزای گۆینۆک-ی سەربە پارێزگای بۆڵو، باكووری خۆرئاوای توركیا زیانی لێکەوتەوە.
ئەو بارانبارینەی کە سەرانسەری قەزاکەی گرتەوە، بەتایبەتی لە گوندەکانی حەسەنلەر، هیممەتئۆغڵو و کویوپنار، دوای ماوەیەک گۆڕا بۆ تەرزە.
بەهۆی کاریگەریی تەرزەوە جامی زۆرێک لە ئۆتۆمبێلەکان شکا.
هەروەها زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و خانووەکان بەهۆی کاریگەریی تەرزەوە و بارانی بەخوڕەوە زیانیان بەرکەوت.
کەسێک کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بەهۆی لافاو لە چەمەکانی ناوچەکە گیری خواردبوو، لە ئەنجامی هەوڵەکانی تیمەکانی سەربە سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان لە تورکیا (AFAD) و جەندرمە و تەندروستی کە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، رزگارکرا.
تیمەکانی جەندرمە و ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی کە بە هەماهەنگی تیمهكانی سەرۆکایەتی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان رەوانەی ناوچەکە کرابوون، دەستیان بە کارەکانیان کرد.
هەروەها پارێزگاری بۆڵو، ئەركان كڵچ كە دوای دروستبوونی لافاو سەردانی ناوچەكەی کرد و لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی تیمە پەیوەندیدارەکانی کرد.
دانیشتووی گوندی هیممەتئۆغڵو، توران یڵدرم، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەناکاو تەرزە دەستی پێکردووه و گوتی: "لەکاتێکدا سەرقاڵی قوربانی کردن بووین، لەناکاو تەرزە دەستیپێکرد، دەنکی هەندێک لە تەرزەکان هێندەی سێوێک دەبوو، زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکانمان کەوت. جگە لەوەش جامی پەنجەرەی خانووەکان شکان و زۆرێک لە خانووەکان زیانیان بەرکەوت".