Sergen Sezgin,Kazım Bulut
30 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2021
بورسا - AA
لە قەزای گەملیک سەربە پارێزگای بورسا باكووری خۆرئاوای توركیا، بەهۆی زریان و رەشەبای بەهێزەوە بەلەمی چەند بەلەمەوانێک نوقم بوون، هەروەها سەقفی باڵەخانەیەک داڕما و کەوت بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا.
ئەو زریان و رەشەبایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە، لەم نێوەندەشدا لە کەناراوەکانی قەزای گەملیک بەهۆی شەپۆلە زەبەلاحەکانی دەریاوە، ژمارەیەک بەلەمی ماسیگرەکان نوقم بوو.
دەربارەی رووداوەکەش یەکێک لە ماسیگرەکانی شارۆچکەکە بە ناوی جەودەت سامسون باسی لەوە کرد کە زریانەکە لە ناکاو رووی دا و گوتی: "رەوشی کوخەکانی نزیک کەناراوەکە زۆر خراپە و لە ئاودا نوقم بوون، ٢٠ ساڵە کەشوهەوا ئاوای لێنەهاتووە. ماسیگرەکان لە دۆخێکی خراپدان و بەلەمەکانیان زیانی بەرکەوتووە".
لە لایەکی دیکەشەوە و لە گەڕەکێکی دیکەی شارۆچکەکە بەهۆی رەشەباوە سەقفی باڵەخانەیەکی هەشت نهۆمی داڕما و کەوت بەسەر ئۆتۆمبیلێکدا کە لە نزیکی باڵەخانەکە پارک کرابوو.