Hemin Hüseyin
17 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2017
هەولێر-AA
ئەندامێکی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم رایدەگەیەنێت کە شاندەکەیان داوایان لە یەکێتیی ئەورووپا نەکردووە کە نوێنەری خۆیان بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی ریفراندۆم بنێرن بەڵکو حکوومەتی هەرێمی فلاندەرز لە بەلجیکا بۆ خۆیان ئامادەییان دەربڕیووە بۆ ئەوەی چاودێری پڕۆسەی ریفراندۆم بکەن.
ئەندامی شاندی باڵای ئەنجوومەنی ریفراندۆم، محەمەد هاودیانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بە فەرمیی داوای پاڵپشتیکردنی مافی گەلی کوردستانمان کرد لە یەکێتیی ئەورووپا، ئەوەی ئێمە گوێبیستی بووین ئەوان وەک پەرلەمانتار پاڵپشتی ئێمە بوون و گوتیان کە گەڕاینەوە بۆ وڵاتەکانمان هەوڵ دەدەین پاڵپشتی حکوومەتەکانمان بەدەست بهێنین".
سەبارەت بە داواکردنی نوێنەری ئەورووپا وەکو چاودێر بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم، محەمەد هاودیانی گوتی: "ئێمە داوامان نەکرد کە چاودێر بنێرن بەڵام حکوومەتی ویلایەتی فلاندەرز گوتیان ئێمە ئامادەین چاودێر بنێرین بۆ هەرێمی کوردستان و چاودێری پڕۆسەکە بکەین، ئێمەش پێمان باش بوو، تەنها داواکاری ئێمە ئەوەبوو کە پاڵپشتی داخوازییەکانمان بکەن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم".
سەبارەت بە سەردانی داهاتوویان، هاودیانی گوتی: "ئەجێندای سەردانەکەی ئێمە دیاربوو کە شەش دیدارمان ئەنجامدا و دوای گەڕانەوەشمان تاوەکو ئێستا کۆنەبووینەتەوە تا بڕیار لەسەر سەردانی داهاتوومان بدەین".
هەر لە چوارچێوەی پرسی ریفراندۆمدا، دوێنێ شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی وڵاتی ئێرانی کرد، هاوکات باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ئیرەج مەسجیدی سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و ژمارەیەک دیداری لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەنجام دا.
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، محەمەد هاودیانی کە لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەندامی شاندی باڵای ئەنجوومەنی ریفراندۆمە و سەبارەت بە سەردانەکەی شاندەکەی ئێران بۆ ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سەردانەکەی دوێنێدا بۆ ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، باڵیۆزی ئێران لە عێراق راستەوخۆ باسی ئەو بابەتەی کردووە و ئێران دەڵێت ئێمە پێمان باش نییە و رەنگە بۆخۆتان زەرەر و زیانتان بەرکەوێت. هەڵوێستی ئەوان روونە و ئەوە بۆچوونی خۆیانە و هەر وڵاتێک بۆچوونی تایبەت بە خۆی هەیە و مافی خۆیەتی بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی خۆی بکات، هاوکات ئێمەش مافی خۆمانە کە داوای سەربەخۆیی بکەین، ئێمە لە روانگەی ستراتیجیەتی نەتەوەیی گەلی کورد سەیری پڕۆسەکە دەکەین و رەنگە ئەوانیش لە روانگەیەکی دیکەوە سەیری پڕۆسەکە بکەن".
رۆژی ١٠ی تەمووزی ٢٠١٧، شاندێکی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بەرەو بڕۆکسل بەڕێکەوت و رۆژی دواتر شەش دیداریان ئەنجام دا، جگە لە نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی شاندەکە لە ھەموو حزبە سیاسیەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەکان، پێکھاتبوو.