Betül Bilsel
24 شوبات 2026•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2026
ئهنقهره - AA
سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی سەبارەت بە ڕاپۆرتی كۆمیسیۆنی هاودهنگیی نهتهوهیی، برایەتیی و دیموکراسیی ڕایگەیاند: "بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکگرتنی کۆمەڵایەتیی، پێداگرییکردن لەسەر ڕێکخستنێکی یاسایی سەربەخۆ و کاتی کە پڕۆسەی چەکدانان و قۆناغی دوای ئەو بەڕێوە ببات، کارێکی گرنگ و بەهادارە. پێویستە بەبێ ئەوەی ڕێگە بە دروستبوونی تێگەیشتن بۆ لێبوردن و بێ سزایی بدرێت، چوارچێوەی ئەو ڕێکخستنە یاساییانەی کە پێویستن دیاری بکرێت".
لە میانی بهڕێوهچوونی کۆبوونەوەی فڕاکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، باخچەلی گوتارێکی پێشکەش کرد.
له گوتارهكهیدا باخچهلی ڕایگهیاند: "لە کۆماری تورکیادا تورك چی بێت كوردیش هەمان شتە، كورد چی بێت توركیش ڕێک هەمان شت بووە".
باخچەلی جەختی لەسهر ئهوە کردەوە پێویسته کەس ئەم کارانە بە کەم سەیر نهكات، یان هەوڵ بدات پەردەپۆشی ئەو ئامانجە بکات کە مەبەست لێی چەسپاندنی کەشی یەکڕیزی نیشتمانیی، برایەتیی، ئاشتیی و ئارامییە.
ههروهها باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد جگە لە یەکڕیزی نیشتمانیی و برایەتیی، دیموکراسیی زیاتر بەهێز دەبێت و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی زیاتر هەستی پێ دەکرێت و، گوتی: "ئەو برایەتییەی نێوان تورک و کورد کە خولگەی خوێناوی تیرۆری جوداخواز تێکدەشکێنێت، بۆ هەتا ههتایه بەردەوام دەبێت".
دەوڵەت باخچەلی جەختی لەسهر ئهوە کردەوە کە بە کۆتاییهاتنی تیرۆر و بێدەنگبوونی چەکەکان، قۆناغی سیاسەت و ئاشتیی دەست پێ دەکات و، ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر دەبێتە دەستکەوت بۆ هەموو گەل. هەر کاتێک دەزگا ئەمنییەکان چەکدانانی ڕێکخراوەکەیان پشتڕاست کردەوە، ڕێکارە یاساییەکان بە خێرایی و شەفافییەت جێبەجێ دەکرێن تا ناوچەی بێ تیرۆر بێتە دی.
سەرۆکی گشتیی مەهەپە باخچەلی، باسی لهوه كرد گەڕانەوەی ئەوانەی چەک دادەنێن بۆ ناو کۆمەڵگە، بە شێوەیەکی قۆناغبەندی و بەبێ زیانگەیاندن بە شکۆی شەهیدان و دادپەروەریی دەبێت. جەختیشی لەسهر گرنگیی دەرکردنی یاسای تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی چەکدانان کردەوە، بە مەرجێک وەک لێبوردن و بێ سزایی لێکنەدرێتەوە. ئهوهیشی خستهڕوو کە شکۆ و کەرامەتی تورک و کورد لێک دانەبڕاون و پێکەوە سەروەریی گەلی تورک پێکدەهێنن.
گوتیشی: "بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکگرتنی کۆمەڵایەتیی، پێداگرییکردن لەسەر ڕێکخستنێکی یاسایی سەربەخۆ و کاتی کە پرۆسەی چەکدانان و قۆناغی دوای ئەو بەڕێوە ببات، کارێکی گرنگ و بەهادارە. پێویستە بەبێ ئەوەی ڕێگە بە دروستبوونی تێگەیشتن بۆ لێبوردن و بێ سزایی بدرێت، چوارچێوەی ئەو ڕێکخستنە یاساییانەی کە پێویستن دیاری بکرێت. ڕێز و پایەی تورک، ڕێز و پایەی کوردە. ناموس و شهرهفی کورد، ناموس و شهرهفی تورکە. شکۆی تورک، شکۆی کوردە. کۆی هەموو ئەمانەش گەورەیی و شەرهف و کەرامەتی نەتەوەی گەورەی تورکە".