Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
07 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2017
ئورفا - AA
لە ئورفا خانەوادەیەک کە بە ئاژەڵدارییەوە خەریکن، لە ئەشکەوتێکدا ژیان بەسەردەبەن کە هاوینان فێنک و زستانان گەرمە.
لە گەرمای تاقەتپڕوکێنی رۆژانی رابردوودا، ئەشکەوتە دێرینەکانی ئورفا کە مێژووەکەیان بۆ دەیان هەزار ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە، بوونەتە شوێنی حەوانەوەی گوندییەکان و ئاژەڵەکانیان.
هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی سالم جایماز کە لەرێگەی ئاژەڵدارییەوە بژێوی ژیانی دەستەبەردەکات، لەگەڵ هاوسەرەکەی و کوڕەکەیدا لە ئەشکەوتێکی شارۆچکەی ڤیرانشەهیر، ژیان بەسەردەبەن.
ئەوان کە بەهۆی ئەوەی تەزووی کارەبا بۆ ئەو ناوچەیەی ئەشکەوتەکەی لێیە، دەتوانن ئامێرە کارەباییەکان بەکاربێنن، خۆیان ئاویان بۆ ئەشکەوتەکە راکێشاوە و پێیان باشە لەبەر ئەوەی لە هاویندا فێنکە، لەوێ بژین.
خانەوادەی جایماز، کە بەر لە هەڵاتنی خۆر دەست بەکارەکانی ئەو رۆژەیان دەکەن، بەشێکی زۆری کاتەکانیان بەدرێژایی رۆژ بۆ مەڕەکانیان تەرخان دەکەن.
سالم جایماز، لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت ئەو لە باب و باپیرانییەوە ئاژەڵداریی بۆ ماوەتەوە و بە خۆشەویستییەوە ئەو کارە دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد لە ئەشکەوتدا لەدایک بووە و هەر لەوێش هاوسەرگیریی کردووە و لە ئێستاشدا لەوێ ژیان بەسەردەبات.
جایماز ئاماژەی بەوە داوە کە راهاتوون لەوەی لە ئەشکەوتدا بێ کێشە بژین و وێڕای سەختی کارەکەیشی تا لە ژیاندا مابێت لە کارەکەی بەردەوام دەبێت.
جایماز سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا وێڕای گەرمی وەرزی هاوین بەڵام ئەشکەوتەکان تا رادەیەک فێنکن، گوتی: "ئێمە لێرە بە ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵین. بەهۆی کێشەی ئابووری و هەم بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانمان لە ئەشکەوت دەژین و ئاو و کارەبامان بۆ ئەشکەوتێک راکێشاوە و چەند ئەشکەوتێکیشمان کردووەتە شوێنی مانەوەی ئاژەڵەکان. زستانان ئەشکەوتەکان گەرمن و هاوینانیش تا رادەیەک فێنکن. باوکم لە کۆن هاتبووە ئێرە و لێرە ژیانی بەسەربردووە، ئێستاش ئێمە لێرە دەمێنینەوە. جاران ئێمە کۆچەر بووین، بەپێی هەلومەرجی کەشوهەوا ئاژەڵەکانمان دەبردنە شوێنی جیا جیا بۆ لەوەڕاندن. بەڵام لە ئەشکەوت بەسەر ئەو کێشانەدا زاڵ بووین. چونکە زستانان گەرمە و هاوینان تا رادەیەک فێنکە، تەنانەت شەوان ساردیش دەبێت و سەرمامان دەبێت".