ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "پەکەکە و خوشک و برا کوردەکانمان لێکجیاوازن. ناتوانین خوشک و برا کوردەکانمان و پەکەکە پێکەوە بهێنینە بەرچاومان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی پەخشی هاوبەشی "TRT" لەبارەی پێشهاتەکانەوە دوا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری "هەدەپە بەربژێری نییە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار و بڕیاری داوە پشتگیری لە بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو بکات، ئێوە پێتان وایە چ جۆرە هاریکارییەک هەیە لەنێوان هەدەپە و جەهەپە و مێزی شەشقۆڵی؟" گوتی: "ئەوە لە مێزی شەشقۆڵی دەرچووە و وەک پێشتر باسم کردووە بۆتە مێزی حەوتقۆڵی. ئێستا لەو مێزە حەوتقۆڵییەدا بەشێوەیەکی ناحەقانە هاووڵاتییانی کوردمان بەکار دەهێندرێن لە کاتێکدا جەهەپە لە خۆشەویستی خۆی نییە بۆ خوشک و برا کوردەکانمان، ئەوەی ئەوان دەیڵێن هیچی راست نییە. لە رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو هەر باسی جەهەپە ناکرێت، ئەو ئێستا هەوڵ دەدات بە هەوڵدان لەگەڵ درێژکراوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی لە رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو بچێتە پەرلەمان و شتێک بەدەست بهێنێت. ئێستا هاووڵاتییان و خوشک و برا کوردەکانمان رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو هیچ کێشەیەکیان نییە. لە رێگای دوا کۆبوونەوەکان و رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکانی ئەم دواییە لە دیاربەکر، مالاتیا و ئەرزەڕۆم دەری خست لە هەماهەنگییەکی زۆر پتەوداین لەگەڵ خوشک و برا کوردەکانمان".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە جەهەپە و هەدەپە لە پشت پەردە کۆبوونەتەوە و سەودا و مامەڵەیان کردووە و گەیشتوونەتە رێککەوتن، جەختی لەوە کردەوە کە سەرنجڕاکێشترین لێدوانی ئەوان ئەوەیە گوایە کە هاتنە سەر دەسەڵات سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی ناهێڵن، گوتی: "ئەگەر سەرۆکایەتی کاروباری ئایینیتان هەڵگرت چی دەکەن؟ بە پاساو هێنانەوە باس لە دروستکردنی دامەزراوەیەکی دیکە دەکەن. دژایەتی ئەوان بۆ ئایین تازە نییە. خۆی لە مێژووی جەهەپەدا دژایەتی دین هەیە و جەهەپە لەگەڵ ئەوە باس دەکرێت. کۆبوونەوەی جەهەپە و هەدەپە لە پشت پەردە و سەودا و مامەڵەکەیان ئەو پەیامەی لێ دەخوێندرێتەوە کە دەتوانن چۆن چۆنی خوشک و برا کوردەکانمان هەڵبخەڵەتێنن. پێش ئەوەی ئێمە دەسەڵات بگرینە دەست ئەوان هیچ وەبەرهێنانێکیان لە رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو نەکردبوو. کاتێک ئێمە هاتینە سەر حوکم چی لە رۆژئاوای تورکیا هەبوو هەمان شتمان لە رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی ئانادۆڵویش ئەنجام دا و بەڵێنەکانمان بردە سەر".
- "کورد و تورک پێکهاتە رەسەنەکانی ئەم وڵاتەن"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بیری خستەوە کە لە ئاگری، ئیدر، مووش، یوکسەکۆڤا/هەکاری فڕۆکەخانە دروست کراون، ئاماژەی بەوە دا کە هیچ کاتێک ناوچەکانیان لەمبارەیەوە بێبەش نەکردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە لە رابردوودا، تەنها ٧٦ زانکۆ لە تورکیا هەبووە و ئەم ژمارەیەیان گەیاندووەتە ٢٠٨ زانکۆ، گوتیشی: "لەئێستادا هیچ پارێزگایەکمان نییە کە زانکۆی تیادا نەبێت. لەئێستادا لە ئیدر، هەکاری، مووش و ئاگری-یش زانکۆ هەیە، لەبەر ئەوەی من نەمدەتوانی خوشک و براکانی ئەو ناوچانەم بێ زانکۆ بکەم لەبەر ئەوەی کوردن".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە قەدەغە نەتەوایەتییەکان نەماون و گوتی: "ئەوان چەند کوردبن ئێمەش ئەوەندە کوردین. ئێمە بە کورد و تورکەوە هاووڵاتی رەسەنی ئەم وڵاتەین".
- "گەلەکەی من نیشتمانیی و ناوخۆییە"
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە رابردوودا قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغە بووە و رایگەیاند: "لەئێستادا پەخشی کوردی هەیە و تەنانەت کەناڵێکی دەوڵەتیش هەر بە زمانی کوردییە. پێشتر ئەمانە نەبوون. تەنانەت لە رووی کولتووریشەوە رچەشکێنیمان کرد و مەم و زینمان بڵاوکردەوە. لەم نێوەندەشدا قەندیل کار بۆ ئەوە دەکات لە رێی هەدەپەوە رووبەرێکی خوێناوی و تاوانکاری بۆخۆی بەدەستبهێنێت. بەڕێز کڵچدارئۆغڵوش دەیەوێت بە پشتیوانی ئەوان پلە و پۆست بەدەستبهێنێت. ئایا لە بەرامبەر "سەلۆ" (سەڵاحەددین دەمیرتاش) هیچ هەڵوێستێکی نەرێنی هەیە؟ ئەی ئەوان نەبوونە هۆی گیانلەدەستدانی ٥١ هاووڵاتییمان لە دیاربەکر؟ هەر بەهۆی ئەم کارانەشییەوە خرایە زیندانەوە. ئێستا ئەمان بەڵێنی ئەوە دەدەن کە ' "سەلۆ" لە زیندان دەردەهێنین. ئاشکرایە لە دوای ئەویش بکوژەکەی ئیمرالیش لە زیندان دەردەهێنین'. هەر بەوەشەوە ناوەستن باس لە ئازادکردنی هەموو ئەندامەکانی سەربە فەتۆ دەکەن. قسەی بەڕێز کڵچدارئۆغڵو ئەوەیە کە 'ئێوە پشتیوانی من بکەن با کورسییەکە بەدەستبهێنم، دواتریش من ئەوەتان بۆ دەکەم کە دەتانەوێت'. لە ئەنجامی ئەم کارەشدا چی روودەدات؟ شتێک نامێنێت بەناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. کاتێک تیرۆر خۆی ببێتە سەرکردەی پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئیدی دەبێت چی لێ بەرهەم بێت؟"
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا وڵاتی تیرۆریستان نییە و رایگەیاند: "دەیەوێت سەردەستەی پەکەکە کە لەئێستادا لە ئیمرالییە، ئازاد بکات. دەیەوێت "سەلۆ" کە دەستی بە خوێنی دەیان هاووڵاتی کورد و تورک سوورە، ئازاد بکات. ئاشکرایە کە هەدەپە ئەو فەرمانانەی لە قەندیلەوە وەریاندەگرێت، دەیانگەیەنێت بە بەڕێز کڵچدارئۆغڵو لە ئەنقەرە، خۆی و حەوت یاریدەدەرەکەشی جێبەجێیان دەکەن. جا یەکێکیان زۆر سیرە پێویست ناکات ناوی بهێنم هەر یەکێکە لەوان، کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکردووە کە 'چی بۆ هاوڕەگەزبازان دەکەن؟' لە وەڵامدا گوتویەتی 'کاتێک هاتینە سەر دەسەڵات ئەوکات باسی دەکەین'. من لێرەوە بە گەلەکەم دەڵێم، گەلەکەی من نیشتمانیی و ناوخۆییە، پشت بەخوا لە ١٤ی ئایاردا وەڵامی پێویستی ئەمانە دەداتەوە".
- ''ئەگەر بەدوای دوژمنی کورددا دەگەڕێیت ئەوا تەماشای هەدەپە بکە''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامێکدا سەبارەت بەوەی لە لایەک پەکەکە و لە لایەک فەتۆ. رەنگە ئەمە یەکەمجار بێت لەم هەڵبژاردنەدا بڵێن: ''بەشێوەیەکی زۆر روون دێین''. ئەمانە لە کوێوە بوێری وەردەگرن، بەم شێوە قسەکردنانە چی بۆ ئەوانە دەستەبەر دەکات؟ ئەردۆغان گوتی:
''لەئێستادا رۆژئاوا بەشێوەیەکی زۆر جیددی ئەمانە هان دەدات، بەتایبەتی لە ئەمریکا لێدوانەکەی بایدن بووە یەکەم هاندان بۆ ئەم کارە. بێینە سەر ئەورووپا لە ئەورووپا، ئەڵمانیا بووەتە سووری بەرلەشکری ئەم کارە، هەروەها فەڕەنسا، بێگومان لە چاوی ئێمەدا پەکەکە جیایە و خوشک و برایانی کوردیشمان جیان. ئێمە ناتوانین خوشک و برایانی کوردمان لەگەڵ پەکەکە وەک یەک تەماشا بکەین. ئەگەر بەدوای دوژمنی کورددا دەگەڕێیت ئەوا بەتایبەتی دەبێت تەماشای هەدەپە بکەیت. ئەگەر بەدوای دوژمنی کورددا دەگەڕێیت ئەوا دەبێت تەماشای جەهەپە بکەیت. ئەمانە دوژمنی خوشک و برایانی کوردمانن. ئەوانەی ساڵانێک ستەمیان لە کوردەکان کرد عەقڵیەتی جەهەپەیە کە ئەمڕۆ بای بای کەمال نوێنەرایەتی دەکات، عەقڵیەتی هەدەپەیە. ئەوەشی هەموو ئەو خەدرە دەرەوێنێتەوە کە دەرهەق بە خوشک و برایانی کوردمان کراوە و داخوازی ماف و ئازادییەکانیان دەستەبەر دەکات ئاک پارتییە. هەر لە قسەکردن بە زمانی خۆیانەوە بیگرە هەتا دەگاتە تابلۆکان لە هەموو شوێنێک بە ئازادی بە کوردی دەدوێن''.
سەرکۆمار ئەردۆغان، باسی لەوە کرد کە کوردەکان زۆرترین دەنگیان بە ئاک پارتی داوە و گوتی: ''بای بای کەمال، ئەوەندەی ملی بۆ پەکەکە و هەدەپە کەج کردووە کە تەنانەت ناتوانێت بشڵێت 'رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە'، ناتوانێت. دەڵێت: 'سەردەمێکی سەدە دەگۆڕین'. ئەوی دیکە دەڵێت چی؟ دەڵێت: 'بێگومان ئیدی کۆتایی بەم سەردەمە دێت'. ئەم سەردەمە چییە؟ سەردەمی هاوپەیمانی جومهوری ئاک پارتییە... لەوە زۆر سەیرتر، ئەوەی دەڵێت: 'پەیکەری ئاپۆ دادەنێین، بێگومان ئەمانە دەکەین' بای بای کەمالە... کاتێک باسی ئەمانە دەکات، هیچ رێز لە بەهاکانی ئەم گەلە ناگرێت. لەئێستادا سەرقاڵی وەرچەرخانێکی تەواوە و بەردەوامە لەسەر زنجیرە گوتارێک کە لەسەر درۆ بنیات نراوە. وەک ئەوەی قسەکانی دوو سێ هەفتە پێش ئێستای خستبێتە لاوە، ئێستا شێوازێکی نوێی گرتووە. لەگەڵ تیرۆریستاندا سەودایەکی وەهای کردووە کە ناتوانێت دەم بکاتەوە بەرامبەر ئەو سووکایەتییەی هەدەپەییەکان بە جەهەپەی دەکەن. شایەنی ئەوە نییە، بای بای کەمال شایەنی ئەوە نییە، تۆ دەڕۆیت، دەڕۆیت... من لەو باوەڕەدام گەلەکەی من وڵات رادەستی ئەوانە ناکات کە دەستیان لەگەڵ تیرۆریستان تێکەڵ کردووە''.
news_share_descriptionsubscription_contact

