Enes Kaplan
25 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2021
عەنتاب - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، زۆر نزیکن لەوەی کە تورکیا بکەنە ١٠ گەورەترین وڵاتی ئابووری جیھان. پشتیوان بە خودا و گەلی تورک پێش گەیشتن بە ٢٠٢٣ ئەمە جێبەجێ دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵە پڕۆژەیەکی وەک "مۆزەخانەی پانۆرامای قارەمانانی ٢٥ی کانوونی یەکەم، پارکی دۆڵی شەھیدکامیل، ئەنستیتوی شوێنەوارناسی ئانادۆڵو و میراتی رۆشنبیری یەکێتی ئەورووپا-تورکیا و بینایەی نوێی تەرمینالی فڕۆکەخانەی عەنتاب و ئەو پڕۆژانەی کە تەواوکراون، کرد.
ئەردۆغان لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیا رایگەیاند "ھەڵبژاردنەکان لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت. پێشخستنی ئەم وادەیە جێگەی باس نییە".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "زۆر نزیکین لەوەی کە وڵاتەکەمان بکەینە ١٠ گەورەترین وڵاتی ئابووری جیھان. پشتیوان خودا و گەلەکەمان پێش گەیشتنمان بە ٢٠٢٣ ئەمە جێبەجێ دەکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پرسی ھەڵکشان و داکشانی دراوی وڵاتەکەی گوتی: "دووچاری رووداوێک بووینەوە کە پێی دەڵێن قۆستنەوەی ھەڵکشان و داکشانی نرخی دراو و لە ماوەیەکی کەمدا ئەوەمان نەھێشت".
ئەردۆغان گوتی: "بە عیبرەتەوە تەماشای ئەو کەسە بەپەرۆشانەمان کرد کە لە بەرگی سیاسەتمەداردا ھەوڵی ترساندنی خەڵک و زیاترکردنی شەپۆلەکانی ناجێگیری دراو دەدەن".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی ناجێگیری بەھای دراو گوتی: "لە قۆناغی ناجێگیری بەھای دراودا زۆر کارمان کرد، رێوشوێنەکانمان زیاد کرد، ھەڵوێست و پلانی نوێی خۆشمان بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد".
ئەردۆغان ئەوەشی بەبیرھێنایەوە کە بە بڕی پێنج ملیار و ٩٢ ملیۆن لیرەی تورکی پڕۆژەیان خستووەتە خزمەت و راشیگەیاند کە ھەر ئەمڕۆ بە بڕی یەک ملیار و ٨٦ ملیۆن لیرەی تورکی پڕۆژەیان لە بواری دروستکردنی ناوەندەکانی خوێندن خستووەتە خزمەتی ھاووڵاتیان.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکراشی کرد کە لە مێژووی تورکیادا بەرزترین رێژەی وەبەرھێنان، دامەزراندن و ھەرناردەکردن ئەنجامدراوە.
سەرکۆماری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان تاکە ئامانجیان ئەوەیە وڵاتەکەیان بە ئەنجامدانی وەبەرھێنان، دامەزراندن، بەرھەمھێنان و ھەرناردەرکردن بەرەو پێش ببەن و بە زووترین کاتیش ھەوڵدەدەن ئەم ئامانجە بھێننە دی.