Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
02 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی گوتارێکیدا باسی لە چەندین پرسی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیا کرد.
سەرەتا رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە گوتەکانی سەرۆکی گشتی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو گرت لە هەڵمەتی بانگەشەی گشتپرسیدا و گوتی: ''ئەوە خەریکین گشتپرسیی ئەنجامدەدەین، کڵچدارئۆغڵو دەڵێت ئێمە گوتوومانە 'ئەوەی کە دەنگ بە نەخێر بدات تیرۆریستە'. کڵچدارئۆغڵو، دووبارە درۆ دەکەیت. ئێمە ئەوەندەمان باوەڕ بە دیموکراسییە و پێوەی پابەندین کە ئیرادەی گەل رێزدارترین خاڵە بەلامانەوە. ئەوەی کە دەڵێت 'بەڵێ' چەند رێزدار بێت، ئەوەش کە دەڵیت 'نەخێر' ئەوەندە بەڕێزە''.
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی هەڵواسینی پانکارتێک لەبەردەم بینای پەرلەمانی سویسرادا گوتی: "وێنەی من بەرزکراوەتەوە و دەمانچەیان خستۆتە سەر سەرم دەڵێ چی؟ ئەردۆغان بکوژن. ئەی گەمژەینە، ئەردۆغان بە قسەی ئێوە دەمرێت؟ ئێمە کاتێک کەوتینە رێ، کفنی سپیمان لەبەرکرد. یەزدان تەقدیری لەسەر چی بێت ئەوە دەبێت. نە زووتر، نە درەنگتر. ئێوە لەو شەقامانەدا کاتێک پارتە سۆسیالیستەکان، پەکەکە، رێکخراوی تیرۆریستی چەپ، دەگەڕێنن. دەیانخەنە ژێر پارێزگاری پۆلیسی خۆتانەوە، وا دەزانن لە قورسایی تورکیا کەم دەکەنەوە؟ ١٦ی نیسان وا دێت. گەلی تورکیا، وانەی تەواوی سەرکردەکانی رۆژئاوا دادەدەن".
لەبەرامبەر هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاواش لەهەمبەر تورکیا و وەک هۆکاری ئەو کردەوانەی هەندێک وڵاتانی ئەورووپا سەرکۆماری تورکیا گوتی: "لە ١٥ی تەمووزدا گەلی تورک، بە گیانفیدایی لەسەر شکۆمەندی خۆی هاتە دەنگ. ئێستا ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە گوشارمان دەخەنە سەر هەموو ئاواتیان ئەوەبوو ئێوە چۆکیان بۆ دادەن، بەڵام ئێوە بەرگریتان کرد و سەرکەوتنتان بەدەست هێنا، لەبەرئەمە ئاوا تووشی هیستریای دەروونی بوون. ئێوە هەموو پلان و چاوەڕوانییەکانی ئەوانتان لە گۆڕ نا".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبەرامبەر وەرنەگرتنی تورکیا بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "هەموو سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا چوونە ڤاتیکان بێ هەست و خوست گوێیان بۆ پاپا راگرت. تێگەیشتن بۆچی ٥٤ ساڵە تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا وەرناگرن؟ تەواوی رووداوەکە بە روون و ئاشکرایی دەڵێم هاوپەیمانێتی خاچهەڵگرانە. لە هەمانکاتدا ١٦ی نیسان رۆژی هەڵسەنگاندنی ئەم بڕیارەیە".