Mazın Asad,Abdullah Shukur
09 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "لە ماوەی دوا یەک دوو ھەفتەدا چی روویدا کاتێک وڵاتانی کەنداو وڵاتێکی برا و دۆستیان لە کەنداو وەک وڵاتێکی تیرۆریست راگەیاند؟ تێگەیشتن لەمە مەحاڵە. ببورن ئێمە برا قەتەرییەکانمان بە تەنھا جێ ناھێڵین. ئێمە لە رێگەی حەق چی ئەرکێکمان بکەوێتە سەرشان، لە ھاوکاریکردن بەردەوام دەبین. دەشڵێم کە لای ئێمە قسەیەکی جوان ھەیە کە دەڵێت ئاخی ستەملێکراو ھەڵمەگرن، دواتر ھێدی ھێدی لێتان دەردەچێت".
ئەردۆغان لەمیانی بەرنامەی خوانی بەربانگی ئێوارە لە شاری ئیستانبوڵ کە لە لایەن سەرۆکایەتی لقی ئاکپارتی لە ئیستانبوڵ رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی قەیرانی قەتەر، گوتی: "لە ماوەی دوا یەک دوو ھەفتەدا چی روویدا کاتێک وڵاتانی کەنداو وڵاتێکی برا و دۆستیان لە کەنداو وەک وڵاتێکی تیرۆریست راگەیاند؟ تێگەیشتن لەمە مەحاڵە. ببورن ئێمە برا قەتەرییەکانمان بە تەنھا جێ ناھێڵین. ئێمە لە رێگەی حەق چی ئەرکێکمان بکەوێتە سەرشان، لە ھاوکاریکردن بەردەوام دەبین. دەشڵێم کە لای ئێمە قسەیەکی جوان ھەیە کە دەڵێت ئاخی ستەملێکراو ھەڵمەگرن، دواتر ھێدی ھێدی لێتان دەردەچێت".
ئەردۆغان گوتیشی: "ھەموو رۆژێک ھەواڵێکی نوێمان پێ دەگات. چەند دەزگایەکی خێرخوازی لە قەتەر وەک رێکخراوی تیرۆریستی راگەیەنراون. منیش ئەو دەزگایانە دەناسم. تاکو ئەمڕۆ شایەتی ئەوە نەبووم کە قەتەر پشتیوانی لە تیرۆر بکات".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەشێکی گوتارەکەیدا رایگەیاند: "رێککەوتننامەی پیشەسازی بەرگری ئەمڕۆ نییە لەگەڵ قەتەر ئەنجاممان داوە. رێککەوتنامەکەمان لەگەڵ قەتەر قۆناغی دوو تا ساڵی خایاند کە لەو رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە دۆخی ھەموارکردنەوەی بووین لە پەرلەمانمان. من ئێستا دەنگم بۆ دۆستانمان لە کەنداو بەرز دەکەمەوە کە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە قەتەر بۆچی ئێوە ناڕەحەت دەکات؟ لەوێدا بنکەی وڵاتانی دیکەش ھەیە، ئەی بۆچی ئەوانە ئێوە ناڕەحەت ناکات".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئیتر بێزار بووین لەم شەڕ و پێکدادانانە و شکاندنی مووسڵمانان لەلایەن مووسڵمانانەوە. ئەوەی کە لە سووریا روودەدات ئاشکرایە، ئەوەی لە عێراق روودەدات ئاشکرایە، ئایا زیادبوون و بەربڵاوبوونەوەی ئەمانە چ سوودێکی ھەیە؟ ئەوەی کە لە یەمەن و ئەفغانستان روودەدات، روون و ئاشکرایە، ئەوەی کە لە ئارەکان و میانمار روودەدات، ئاشکرایە. ئایا ئەمانە چی قازانجێکی بۆ ئێمە ھەبوو، پێویستە ئەمانە بە زووترین کات کۆتایی پێ بێن".
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان ھەروەھا رایگەیاند: "بە دڵگرانییەوە دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم، کە قەیرانی ئەم دواییەی نێوان وڵاتانی برا لە کەنداو، دڵخۆشی موسڵمانانی لە مانگی رەمەزان تێکداوە. زیادبوونی ئەو ناکۆکیانە لە پاڵ گشت ئەو کێشە و قەیرانانەی کە ئێستا لە جیھانی ئیسلامی بوونی ھەیە، شتێکی ھەڵەیە. بە فیرۆدانی گشت وزەکانمان بە کێشە ناوخۆییەکان شتێکی راست نییە. لە کاتێکدا کە پیلانی رەش لەبارەی ناوچەکەمان لە ئارادایە. پێویستە ھەموو کەسێک ئەو راستییە بزانێ. لێرەوە دەنگم بۆ گشت براکانمان لە کەنداو ھەڵدەبڕم، دەنگم بۆ سەرۆکەکان و گەلانی کەنداو ھەڵدەبرم. ھیچ کەسێک لە شەڕی برا قازانج ناکات. ئەوەی کە لەم شەڕە قازانج دەکات تەنھا ئەو کەسانەن کە سوودمەند دەبن لە خوێن و فرمێسک و ناسەقامگیری ئەو ناوچەیە".
سەرکۆماری تورکیا ھەر لەبارەی قەیرانی قەتەرەوە گوتی: "ئەمشەو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیلەرسن روونکردنەوەیەکی دا. روونکردنەوەیەکی لە شێوەی سووککردنی قۆناغەکە و ھەڵگرتنی گەمارۆکانی کرد. من دەڵێم پێویستە ئەمە بە تەواوی ھەڵبگیرێت و لە نێوان براکاندا ئەمە نەبێت. بە تایبەتی داوا لە ئیدارەی سعوودیە دەکەم: گوتمان ئێوە گەورەترین و بەھێزترینی کەنداون، پێتانمان گوت خادیمول حەرەمین شەریفیەین. ئێوە نەک دوژمنایەتییەکان، بەڵکو دەبێت تاجی سەری برایەتی بن لەوێدا و ھەموویان پێکەوە کۆبکەنەوە. ئەمە وەک خادیمول حەرەمین شەریفیەین لە سعوودیە دەوەشێتەوە. پێویستە ئەمە بکات و چاوەڕێی ئەمەی لێ دەکەین. ئەمەش مافی ئێمەیە".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "لە کارکردن تەمبەڵی لە ئێمە ناوەشێتەوە. کەسانێک لاسایی ئێمە دەکەنەوە. ئەمە شتێکی جوانە، بەڵام نەک بۆ ئەو کەسەی کە لاسایی دەکرێتەوە. بۆیە دەبێ زۆر کاربکەین. لە کاتێکدا کە رێگایەکی زۆر سەخت لەبەردەمماندایە. ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە پاراستنی دەستکەوتەکان و داھاتووی وڵاتەکەمان. لە دوای چاککردنی کەموکورتییەکانمان، بەردەوام دەبین لە رێگاکەمان".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێکخستنی ئاک پارتییەوە رایگەیاند: "پێکەوە نەخشەیەک تا ٢٠١٩ دادەرێژین. پێویستە تا کۆتایی ٢٠١٧، ھەڵبژاردن لە رێکخستنی پارتەکەمان لە ئاستی باڵا و رێکخستنەکانی شار و شارۆچکە و لە پاڵ ئەمەش رێکخستنەکانی پارتەکەمان لە شارەدێیەکان ئەنجام بدەین. کاتێک سەرکەوتنمان لەمە بەدەستھێنا، ئەوا بە شێوەیەکی جیاواز دەگەینە ساڵی ٢٠١٩. ئێمە گەورە بیر دەکەینەوە و بەرەو ئامانجەکانمان ھەنگاو دەھاوێژین".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئێمە تاکو ئەمڕۆ ھەمیشە بە پێداگری و پلانەوە لە رێگاکەمان بەردەوام بووین. لەمڕۆ بەدواوەش بەم شێوەیە بەردەوام دەبین. ئێمە پارتێکین کە ھەمیشە بە بەردەوامی کار دەکەین. ئێمە پێویستە زۆر لەو ئەنجامە زیاتر بەدەستبھێنین کە لە ریفراندۆمی ١٦ی نیسان لە شاری ئیستانبوڵ بەدەست ھاتبوو، چونکە رێژەی کەمتر لە سەدا ٥٠ لە ئێمە ناوەشێتەوە. ئیستانبوڵ بە رێژەی زۆر لە سەرووی سەدا ٥٠ دایە و پارێزگایەکە کە چارەنووسی تورکیا دەگۆڕێ. باوەڕم بەمە ھەیە".
سەرکۆماری تورکیا لە کۆتایی گوتارەکەیدا رایگەیاند: "کاتێک لە تورکیا ھەوڵی کودەتا ئەنجام درا، ئێمە باش دەزانین کە کێ لە کەنداو بەمە زۆر دڵخۆش بووە. ئەگەر کەسانێک دەزگای ھەواڵگریان ھەبێ، ئەوا ئێمەش ھەمانە. باش دەزانین کە کێ ئەوشەوەی چۆن بەڕێکردووە. ئەوانە باش دەناسین کە چاودێری ئەنجامی ھەوڵی کودەتاکەیان دەکرد. ئێستا کەسانێک ناڕەحت دەبن بە ھاوکاری خۆراک و دەرمان لەلایەن ئێمەوە بۆ براکانمان لە قەتەر. ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی گشت ھاوکارییەکان بۆ قەتەر".