Abdullah Shukur
08 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2017
ھامبورگ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بڕیاری گشتپرسی ھەرێمی کوردستان گوتی: "لەبارەی یەکپارچەیی خاکی عێراق، گشتپرسی بە راست نازانم و ئەمەش لەوانەیە ببێتە ھەنگاوێک کە کێشە بۆ داھاتووی عێراق دروست بکات. ئەوەشمان بە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، بە دۆستمان بەڕێز مسعوود بارزانی راگەیاندووە. گوتومان 'ئەمە رێگایەکی ھەڵەیە. واز لەمە بھێنن لەوانەیە بەیانی دانەوەی باجی ئەمە بۆ ئێوە قورس بێت' ئەوەی راستی بێ ئێستا نازانم ئەمان لە چ پێگەیەکن. ھیوادارم پێش ئەنجامدانی گشتپرسی واز لەمە بھێنن. بەلام ئەگەر ئەمان پێداگرن بن لەسەر ئەمە ئەوا پێموایە زەرەر دەکەن. چونکە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی عێراق بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێش کۆتایی دانیشتنی "لووتکەی سەرکردەکانی G20" لە شاری ھامبورگی وڵاتی ئەڵمانیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد.
ئەردۆغان لەبارەی لووتکەی سەرکردەکانی G20، گوتی: "جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنەکان پێداگربن لە ھەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی لە دژی تیرۆر. جەختمان لەوە کردەوە کە تاکو واز لە دووڕووی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەھێنرێت و ھاریکاری و ھەماھەنگی نێودەوڵەتی دەستەبەر نەکرێت، ناتوانین لەمبارەیەوە سەرکەوتوو بین".
ئەردۆغان لەبارەی ھەوڵی کودەتای رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ گوتی: "ئەوانەی لە ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز، ٢٥٠ ھاووڵاتی ئێمەیان شەھید کرد و دوو ھەزار و ١٩٣ ھاووڵاتیشیان بریندار کرد، ئێستا وڵاتانی رۆژئاوا وەک بەندەرێکی ئارام دەبینن. ئەم تابلۆیە گەلەکەمانی بێزار کردووە".
ئەردۆغان لەبارەی پڕچەککردنی یەپەگە و پەیەدە لە باکووری سووریا گوتی: "بە ھیچ شێوەیەک رێگە نادەین لەوبەری سنوورەکانمان، پاڵپشتی لە تیرۆر بکرێ و تیرۆریستان پڕچەک بکرێن. بە ھیچ شێوەیەک دوو دڵ نابین لە بەکارھێنانی مافی بەرگریکردن لەخۆ لە دژی ھەڕەشەی تیرۆر. ئەو چەکانەی کە دوێنێ لە ناوچەکەدا دابەشکران، ئەمڕۆ لوولەی ئەم چەکانە ئاراستەی ئێمە کراوە، ھاوکات ھیچ گەڕەنتییەک نییە بەوەی کە ئەم چەکانە بەیانی لە وڵاتانی دیکەی جیھانیش بەکارنەھێنرێن".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند کە دەبێ رێگری لە سەرچاوە دارایییەکانی تیرۆر بکرێ. لەمبارەیەوە گوتیشی "ھیوادارم ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە خالی وەرچەرخان و گشت لایەنەکان ئەوە قبوڵ بکەن کە تیرۆر ئاین، زمان و رەگەزی نییە و ھەموومان دەکاتە ئامانج. ھیوادارم پێش ئەوەی ئازاری دیکە بچێژین، سەرکەوتوو بین لە رێگریکردن لە سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر".
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە تورکیا گەماڕۆی سەر قەتەر بە راست نازانێ. گوتیشی: "ئەو تۆمەت و گەماڕۆیانەی کە بەسەر قەتەر سەپێنراون، بە راستی نازانین. پێویستە وەکو ھەموو وڵاتانی جیھان رێز لە سەروەری وڵاتی قەتەر بگیرێ. ھەروەکو پێشتر ئاماژەم پێ کردووە، ھیچ کەسێک لە شەڕی برا کوژی سەرکەوتوو نابێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی قەیرانی نێوان بەشێکی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتی قەتەر: "ئاسوودەیی، ئاسایش و سەقامگیری گشت وڵاتانی کەنداو ھێندەی خۆمان گرنگە. پێویستە خۆ دووربگیرێت لەو ھەنگاوانەی کە ئەم فاکتەرانە دەخاتە مەترسییەوە. بەم پێیەش ھیوا دەخوازین سعوودیە وەک گەورە وڵاتانی ناوچەکە چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "ئیدارەی ئەڵمانیا، لێرەدا رێگەیان نەدا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەم و بەرگەی ئەمەیان نەگرت. ئایا ئەمە لەگەڵ کام بۆچوونی ئازادی دەگونجێت. ئەوانەی رێگە بە سەرکۆمارێک نادەن کە دەنگی سەدا ٥٢ی گەلی تورکیای بەدەستھێناوە، کۆبوونەوەیەک لە ھۆڵێکی ئەڵمانیا ساز بکات، ئەوا باسی ئازادییەکان نەکەن".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رێپێوانی جەھەپە لە تورکیا گوتی: "ئێستا لە تورکیا بەناو رێپێوانێکی دادپەروەریی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی ئەنجام دەدرێت و ئێستاش بەردەوامە. لە کاتێکدا ئەوانەی ئەم بەناو رێپێوانە ساز دەکەن، لە نێو پارتەکەی خۆیان رێگە بە کاندیدکردنی ئەندامانی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی ئەو پارتە نادەن. ئەمە شتێکی سەیرە"
ئەردۆغان لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری سووریا دەڵێ: "سیاسەتی ئێمە لەسەر قەومپەرستی نییە، لەسەر رەگەزپەرستی نییە. ئێمە ھەمیشە مرۆڤمان بەھەند وەرگرتووە. ئەگەر لە نزیک سنوورەکانی ئێمە ھەر پێکھاتەیەک ھەڕەشەی لەسەر وڵاتەکەمان ھەبێت، ئەوا ئێمە سنوورێک بۆ ئەم پێکھاتەیە دادەنێین. ئەگەر لە باکووری سووریا ھەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بدرێ ئەوا ئێمە مۆڵەت بەمە نادەین. لە کاتێکدا کە لە باکووری سووریا ھەوڵێکی بەم جۆرە درا بەڵام ئێمە ئەم ھەوڵەمان راگرت و رێگریمان لێ کرد. لەمەودواش ھەرگیز رێگە بەمە نادەین. ھەرگیز ھەڕەشەکانی ئەم شوێنە بۆ سەر وڵاتەکەمان قبوڵ ناکەین".
لەلایەکی دیکەش سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بڕیاری گشتپرسی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەبارەی یەکپارچەیی خاکی عێراق، گشتپرسی بە راست نازانم و ئەمەش لەوانەیە ببێتە ھەنگاوێک کە کێشە بۆ داھاتووی عێراق دروست بکات. ئەوەشمان بە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، بە دۆستمان بەڕێز مسعوود بارزانی راگەیاندووە. گوتومان 'ئەمە رێگایەکی ھەڵەیە. واز لەمە بھێنن لەوانەیە بەیانی دانەوەی باجی ئەمە بۆ ئێوە قورس بێت' ئەوەی راستی بێ ئێستا نازانم ئەمان لە چ پێگەیەکن. ھیوادارم پێش ئەنجامدانی گشتپرسی واز لەمە بھێنن. بەلام ئەگەر ئەمان پێداگرن بن لەسەر ئەمە ئەوا پێموایە زەرەر دەکەن. چونکە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی عێراق بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە".
لە کۆتایدا ئەردۆغان لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا کەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتارانی کورد لە زیندان دێنە دەرەوە؟ گوتی: "دەسەڵاتی ئازادکردنی تیرۆریستان لە زیندان لەدەستی ئێمەدا نییە. تورکیا دەوڵەتی یاسایە. ئەو کەسەی کە باسی لێوە دەکەن تیرۆریستە. ئەم تیرۆریستە برا کوردەکانمانی رژاندە سەر شەقام و پاشانیش ٥٣ برای کوردمان بە دەستی کوردانی دیکە بە کوشت دا. ئەمە تەنھا یەکێکە لە تاوانەکان. چەندین تاوانی دیکەی بەم جۆرە ھەیە. ئەمە کەسێکە دەڵێ 'لە پشتی ئێمە پەکەکە، پەیەدە و یەپەگە ھەیە' دادگا بڕیار لەسەر ئەمانە دەدات. ئەگەر دادگا ھەرچی بڕیارێک لەسەر ئەمانە بدات ئەوا ئێمە ئەم بڕیارە لەسەر سەری خۆمان دادەنێین و قبوڵمانە".