Sangar Hamad Azeez
12 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2016
دوای كۆنفرانسی باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی لە توركیا، سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆشكی كۆماری نیوەڕۆ خوانێكی بۆ ئەو باڵیۆزانە، ساز كرد.
لە میانی گوتارێكی لە نیوەڕۆ خوانەكەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "دەمەوێت بە توندی ئیدانەی تەقینەوەكەی بەردەم مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد بكەم لە شاری ئیستانبوڵ كە لەلایەن خۆكوژێكی سووری-یەوە ئەنجام درا".
ناوبراو گوتی: "بەهۆی چالاكی تیرۆریستانەوە ماف و ئازادی ملیۆنەها هاووڵاتی لە ناوچەكە پێشێل دەكرێت، بەڵام پێشێڵكاریەكە لەلایەن حكوومەتەوە نییە. خودی تیرۆریستانن كە پێشیلكاری ئەنجام دەدەن".
لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا ئەردۆغان، تیشكی خستەر ئەوەی كە توركیا هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كورد نییە و گوتی: "توركیا هیچ كێشەیەكی لەگەڵ هاووڵاتییانی كورد نییە. واتە هیچ كێشەیەك بەناوی 'كێشەی كورد' لە توركیا بوونی نییە. وەك هەر هاووڵاتییەكی دیكە دەكرێت ئەوانیش گرفتی تایبەت بەخۆیان هەبێت بەڵام چارەسەر دەكرێت، لەگەڵیان دادەنیشین و چارسەری كێشەكان دەكەین".
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند ''كێشەی ئەمڕۆی توركیا، كێشەی تیرۆرە كە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان بەدەستییەوە، بێزار بوون. كێشەی كورد بوونی نییە. پێوستە ئەمە بەباشی روون بكەینەوە بەڵام بەداخەوە ئەم بەناو رۆشنبیرانە هاتوون و باس لەوە دەكەن كە دەوڵەت كۆمەڵكوژییەكی ئەنجام داوە. ئەی بەناو رووناكبیرەكان ئێوە لە تاریكیدان. رووناكبیر نین. ئێوە ئەوەندە تاریك و نەزانن كە نە دەزانن باشووری خۆرهەڵات نە خۆرهەڵات لەكوێوەیە، بەڵام ئێمە وەك رێگەی ماڵی خۆمان شارەزای ئەو ناوچانەین".