Berk Özkan
10 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆشکی وەحدەددین لە ئیستانبوڵ، لەگەڵ سەرۆکی فەڵەستین مەحموود عەباس کۆبوویەوە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی کۆبوونەوە دووقۆڵی و خوانی کاری نێوان شاندەکان، تاوتوێی ھەنگاوەکانی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و فەڵەستین و پێشھاتە ناوچەییەکان کراوە.
ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مەحموود عەباس، جەختی لەوە کردەوە کە لەبەرامبەر ستەمەکانی ئیسرائیل بێدەنگ نەبوونە و بێدەنگیش نابن و ئەوەشی رایگەیاند کە تاکو ئیسرائیل بەردەوام بێت لە سیاسەتەکانی داگیرکردن و لکاندن ئەوە بونیادنانی ئاشتی وسەقامگیری ئەستەم دەبێت.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی دانووستانە ناوخۆییەکانی فەڵەستین و خۆشحاڵی خۆی لەبارەی بەڕێوەچوونی پەیوەندی دووقۆڵی لەگەڵ فەڵەستین لە بوارەکانی، ئابووری، بازرگانی، کەلتووری، خوێندن و گەشتیاریی بە ئاراستەیەکی ئەرێنی، دەربڕی.
کۆبوونەوەی خوانی کاری نێوان شاندەکان كە بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی فەڵەستین مەحموود عەباس، بەڕێوەچوو، لەلايەنى توركياوە، ھەریەک لە؛ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغڵو، سەرۆکی کاروباری ئایینی عەلی ئەرباش، سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا ھاکان فیدان، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا فەخرەددین ئاڵتون، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیبراھیم کاڵن و گەورە راوێژکاری سەرکۆماری تورکیا سەفەر توران، ئامادەبوون.
ھاوکات لەلایەنی فەڵەستینەوە، ھەریەک لە باڵیۆزی فەڵەستین لە ئەنقەرە فائید مستەفا، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانى فەڵەستين ریاز مالیکی، وەزیری کاروباری مەدەنی حوسەین شەیخ و راوێژکاری کاروباری دیبلۆماسی مەجدی خالیدی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.