Rauf Maltaş
03 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2016
14 سكاڵانامه له‌سه‌ر نۆ په‌رله‌مانتار كه هه‌ریه‌ك له هاوسه‌رۆكه‌كانی هه‌ده‌په سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ و، سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په كه‌مال كڵچدارئۆغڵویان له‌نێودایه، گه‌یشته سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیی كۆماری ئورفا.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندیی سه‌ر په‌رله‌مانتاران له رۆژنامه‌ی فه‌رمیدا، یاساكه كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و ده‌ست كراوه به ناردنی سكاڵانامهكان بۆ داواكاری گشتیی په‌یوه‌ندیدار.
له‌و دۆسیانەی کە له په‌رله‌مانی توركیاوه نێردراون سه‌باره‌ت به په‌رله‌مانتاران و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی توركیاوه ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتیی كۆماری ئورفا كراوه، ده‌میرتاش و كڵچدارئۆغڵو دوو سكاڵایان له‌سه‌ره، یوكسه‌كداغ یه‌ك سكاڵا، په‌رله‌مانتاری ئورفای هه‌ده‌په ئیبراهیم ئایهان سێ سكاڵا، په‌رله‌مانتاری دیاربه‌كری هه‌ده‌په نورسێل ئایدۆغان دوو سكاڵا، هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له په‌رله‌مانتاری ئه‌نقه‌ره‌ی هه‌ده‌په سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، په‌رله‌مانتاری دیاربه‌كری هه‌ده‌په ئاڵتان تان، په‌رله‌مانتاری ئورفای هه‌ده‌په دیله‌ك ئۆجه‌لان و په‌رله‌مانتاری شرنەخی هه‌ده‌په فه‌یسه‌ڵ سارییڵدز یه‌كی سكاڵانامهیهكیان له‌سه‌ره.
له سكاڵانامهكاندا یوكسه‌كداغ تۆمه‌تبار كراوه به "پشتیوانی كردنی رێكخراوی تیرۆریستی"، "پروپاگه‌نده كردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستی"، ده‌میرتاش تۆمه‌تبار كراوه به "رێكخستنی كۆبوونه‌وه و خۆپیشاندان و رێپێوان له ده‌ره‌وه‌ی یاسا"، سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په كڵچدارئۆغڵو تۆمه‌تبار كراوه به "سووكایه‌تی كردن به سهركۆمار و كارمه‌ندانی حكوومی".
هه‌ریه‌ك له په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په ئایدۆغان، ئۆنده‌ر، تان و ئۆجه‌لان تۆمه‌تبار كراون به "پڕوپاگه‌نده كردن بۆ رێكخراوی تیرۆریستی" و سارییڵدز تۆمه‌تبار كراوه به "دابینكردنی چه‌ك بۆ رێكخراوی تیرۆریستی".