Ferdi Türkten
23 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
سه‌ركۆماری توركیا و سه‌رۆكی گشتیی ئاك پارتی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "31ی ئادار ناكرێته شوێنی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان له سه‌ر سندوقی ده‌نگدان، به‌ڵكو ده‌كریته شوێنی دیاریكردنی داهاتوومان".
له میانی به‌شداری كردنی له كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ی ئه‌نقه‌ره‌ی هاوپه‌یمانی جمهووری كه به به‌شداری سه‌رۆكی گشتیی مه‌هه‌په، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌ردۆغان گوتارێكی پێشكه‌ش به ئاماده‌بووان كرد.
له گوتاره‌كه‌یدا ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه كه هه‌شت رۆژی ماوه بۆ هه‌ڵبژاردن و، داوای له لایه‌نگرانی پارته‌كانیان كرد ده‌رگا به ده‌رگا بگه‌ڕێن و، كار بكه‌ن بۆ سه‌رخستنی هاوپه‌یمانی جمهوور.
ئه‌ردۆغان جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌ك نه‌ته‌وه، یه‌ك ئاڵا، یه‌ك نیشتمان و یه‌ك ده‌وڵه‌ت كرده‌وه و، رایگه‌یاند: "یه‌ك ده‌بین، رێك ده‌بین، زیندوو ده‌بین و برا ده‌بین، هه‌موو به یه‌كه‌وه توركیا ده‌بین. رێگه به‌وانه ناده‌ین كه ده‌یانه‌وێت نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ش به‌ش بكه‌ن، نیشتمانه‌كه‌مان پارچه پارچه بكه‌ن، ده‌وڵه‌ته‌كه‌مان بڕوخێنن، بانگهكهمان بێ ده‌نگ بكه‌ن و له رێگه‌ی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانه‌وه تهمێمان بكه‌ن. ریگه به‌وانه ناده‌ین كه هه‌ڕه‌شه له ئابوورییمان ده‌كه‌ن و به كار و ئاشی خۆمان هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كه‌ن. له‌به‌رئه‌وه له 31ی ئاداردا خاوه‌ندارێتی ئیراده‌مان ده‌كه‌ین".
ئه‌ردۆغان داوای له هه‌مووان كرد بچنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و ، خاوه‌ندارێتی سندوقه‌كان بكه‌ن و، گوتی: "31ی ئادار ناكرێته شوێنی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان له سه‌ر سندوقی ده‌نگدان، به‌ڵكو ده‌كریته شوێنی دیاریكردنی داهاتوومان".
گوتیشی: "له ٣١ی ئادار به‌جۆرێك وه‌ڵامی ئه‌وانه ده‌ده‌ینه‌وه كه له‌وسه‌ری جیهانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌كه‌ن، جارێكی دیكه نه‌وێرن په‌نجه له‌و گه‌له رابوهشێنن".
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌دا سه‌رۆكی گشتیی مه‌هه‌په، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و، رایگه‌یاند: "٣١ی ئادار هه‌ستیارترین هه‌ڵبژاردن ده‌بێت له نێوان درۆ و راستی و راستگۆیی، هه‌وادارانی تیرۆر و عه‌وداڵانی توركیا".
باخچه‌لی رایگه‌یاند كه هه‌شت رۆژی دیكه ته‌نها سه‌رۆك شاره‌وانی، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی و موختاره‌كان هه‌ڵنابژێرین، به‌ڵكو له سه‌رووی ئه‌وانه‌وه جه‌خت له مانه‌وه‌ی نیشتمانیمان و سه‌روه‌ری و مێژووی ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ینه‌وه و رهنگڕێژیان ده‌كه‌ین و، گوتی: "كڵچدارئۆغڵو چی به تره‌مپ ده‌ڵێت كه ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی دان به به‌رزاییه‌كانی جۆلاندا بنێت وه‌ك خاكی ئیسرائیل. (بزانین) كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت به گوتنی 'شتی وا نابێت و ناتوانی شتی وا بكه‌ی'؟".