توركيا

ئه‌ردۆغان: "تیرۆریستە یەپەگەییەکان دەکرێنە دەرەوەی ٣٠ کیلۆمەترەکە"

- سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان: - "لەگەڵ بەڕێز پوتین-دا، لێکتێگەیشتنێکی مێژووییمان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، یەکێتییە سیاسییەکەی و گەڕانەوەی پەنابەران، واژووکرد".

Enes Kaplan  | 22.10.2019 - نوێکردنەوە : 23.10.2019
ئه‌ردۆغان: "تیرۆریستە یەپەگەییەکان دەکرێنە دەرەوەی ٣٠ کیلۆمەترەکە"

Ankara
 سۆچی- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "لەگەڵ بەڕێز پوتین-دا، لێکتێگەیشتنێکی مێژووییمان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، یەکێتییە سیاسییەکەیی و گەڕانەوەی پەنابەران، واژووکرد".

رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لەدوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوانیان، لە میوانخانەی سەرۆکایەتیی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان سازکرد.

ئەردۆغان لە میانی گوتەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیان پێشھاتەکانی سووریا بووە، بەڵام دەرفەتی ئەوەیان ھەبووە کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیش تاوتوێ بکەن و رایگەیاند: "ھاوشێوەی ئەوە کە بەڕێز سەرۆک کەمێک لەمەوبەر ئاماژەی پێکرد، لە بواری ئابوورییدا، وەک دەزانن ماوەیەکی کورت لەمەوبەر رێککەوتننامەیەکمان سەبارەت بە زیادکردنی بەکارھێنانی دراوی نیشتمانییمان لە بارزگانییدا واژووکردبوو. پێمان وایە ئەم رێککەوتننامەیە ھەنگاوێکی گرنگە لە گەیشتن بە ئامانجی بازرگانیی دووقۆڵیمان بە قەبارەی ١٠٠ ملیار دۆلار".

سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەشکرد کە ھاریکارییەکانی ھەردوو وڵات لە پرۆژەکانی وێستگەی ھێزی ناوەکیی ئاککویو و پرۆژەی تەوژمی تورک درێژەی ھەیە و رادەستکردنی پێداویستییەکانی پەیوەست بە S-٤٠٠ لەچوارچێوەی رۆژمێری دیارییکراودا بەڕێوەدەچن ، راشیگەیاند: "لە قۆناغی داھاتووشدا ئەم کارە مکوڕانە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی ھاوبەشمان بەردەوامییان دەبێت".

- "بینینی کەمبوونەوەی ھێرشەکانی سەر ئیدلب مایەی خۆشحاڵییە"

رەجەب تەیب ئەردۆغان پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە لەگەڵ پوتین-دا لەپێناو بنیاتنانی سەقامگیریی، خۆشگوزەرانیی و ئاشتیی لە سووریا چ لەسەر ئاستی دووقۆڵی و چ لە چوارچێوەی شێوازی ئاستانادا، ھەوڵی زۆر جدییان داوە و لە ئەنجامی ھەوڵە ھاوبەشەکاندا بڕیاری زۆر گرنگییان داوە، لەنێو ئەوانەشدا یاداشتنامەی سوچی".

ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە رۆژی ١٦ی ئەیلوول لەرێگەی ئەو لووتکەیەی لە ئەنقەرە ئەنجامدرا، پێکھێنانی لیژنەی دەستوورییان راگەیاندووە و ٣٠ی تشرینی یەکەم لیژنەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات. ھەروەھا رایگەیاند:

"چاوەڕوانیمان ئەوەیە لیژنەی دەستوور لەچوارچێوەی چاوەڕوانی رەوای سوورییەکاندا رێگە لەبەردەم گۆڕانێکی سیاسیی راستی و گشتگیر بکاتەوە. دۆخی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیدلب تەوەرێکی کۆبوونەوەکانمان بوون. لەو قۆناغەی کە تێیداین، بینینی بنیات نرانی ئارامییەکی رێژەیی لە ئیدلب و کەمبوونەوەی ھێرشەکانی سەری مایەی خۆشحاڵییە. بۆ لەمەودوا ئامانجی سەرەکیمان بریتییە لە بەھێزکردنی کەشی سەقامگیریی و کردنی بە ھەمیشەیی. وەک تورکیا چ لە پێناو رەواندەنەوەی نیگەرانیی دۆستە رووسەکانمان و چ پارێزگارییکردن لە ئارامیی مەیدانیی، درێژە بە کارەکانمان بە ھەموو توانامانەوە دەدەین".

ھەروەھا گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز سەرۆک بە چڕیی باسی دوایین پێشھاتەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتیمان کرد. زانیاریی گشتگیرم سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکەمان دایە بەڕێز پوتین. وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە بریتییە لە دەرکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە لە ناوچەکە و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی پەنابەرە سوورییەکان. ھاوکات ئەم ئۆپەراسیۆنە لە رێگەی لەناوبردنی ھەڕەشەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداییخوازەوە، گرەنتی یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکێتییە سیاسییەکەی دەکات. ئێمە ھیچ کاتێک چاومان نەبڕیوەتە خاکی ئەو وڵاتە و سەروەرییەکەی".

- "پرۆژەگەلێک ئەنجامدەدەین کە گەڕانەوەکان ئاسان دەکەن"

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا لە گۆڕەپانەکەدا بە ھەستیارییەوە مامەڵەیان کردووە و لەرێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغانی فورات و لقی زەیتونەوە رووبەرێکی چوار ھەزار کیلۆمەترییان لە تیرۆریستان پاککردووەتەوە.

جەختی لەوەشکردەوە ٣٦٥ ھەزار کەس بەشێوەیەکی خۆویستانە بۆ ئەو ناوچەیە گەڕاونەتەوە کە تورکیا ئارامی کردووە و رایگەیاند: "خاکی سووریا کە سەردەمانێک بە پێکدادان لەگەڵ تیرۆر یاد دەکرایەوە، لە ئەنجامی ھەوڵەکانی تورکیا، دوای چەندین ساڵ دووبارە بە خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی شادبوویەوە، دەمانەوێت ئەم مۆدێلە لە ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا پێک بھێنین".

سەرکۆماری تورکیا تیشکی خستەسەر ئەوەی وڵاتەکەی ماوەی ھەشت ساڵ و نیوە باوەشی بۆ سێ ملیۆن و ٦٥٠ ھەزار خوشک و برای سوورییان کە ٣٥٠ ھەزاریان کوردن، کردووەتەوە و رایگەیاند: "پێویستە ئیتر ئەو ھەنگاوانە بھاوێژین کە حەسرەتی گەڕانەوە بۆ وڵات لەلای ئەو خوشک و برایانەمان دەڕەوێنێتەوە. ھۆکارێکی دیکەی گرنگی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی دەستەبەرکردنی ئەمەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد لەو رووبەرەی کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکەوە دەکرێتە ناوچەی ئارام، سەرەتا ملیۆنێک و دواتریش ملیۆنێکی دیکە سووریی جێگیردەکرێن و پلانەکانیان لەوبارەیەوە داوەتە موخاتەبەکانیان.

رەجەب تەیب ئەردۆغان پێداگریی لەسەر ئەوەکرد کە بە ھەوڵ و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئەم پلانە گرنگە جێبەجێ دەکەن و رایگەیاند: "لەم قۆناغەدا لەرێگەی کارکردن لەگەڵ دۆستە رووسەکانماندا پرۆژەگەلێک ئەنجام دەدەین کە گەڕانەوە خۆویستەکان ئاسان دەکەن".

- "لێکتێگەیشتنێکی مێژووییمان واژووکرد"

ئەردۆغان بەم شێوەیە درێژەی بە گوتەکانی دا:

"لەگەڵ بەڕێز پوتین-دا، لێکتێگەیشتنێکی مێژووییمان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستەبەرکردنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، یەکێتییە سیاسییەکەی و گەڕانەوەی پەنابەران، واژووکرد. بەپێی ئەم یاداشتە، تورکیا و رووسیا رێگا بە ھیچ رۆژەڤێکی جوداییخوازی لەسەر خاکی سووریا نادەن. لە رۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەم لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆوە لەماوەی ١٥٠ کاتژمێردا تیرۆریستە یەپەگەییەکان و چەکەکانیان دەکرێنە دەرەوەی ٣٠ کیلۆمەترەکە. سەنگەر و سەکۆکانی رێکخراوەکە خاپوور دەکرێن. لە کۆتایی ١٥٠ کاتژمێرەکەدا لە خۆرئاوا و خۆرھەڵاتی رووبەری سنوورەکانی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی بە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر، دەورییەی تورکیا-رووسیا دەستپێدەکات. سەرجەم تیرۆریستە یەپەگەییەکانی تەل رەفعەت و منبج لەگەڵ چەکەکانیاندا دەکرێنە دەرەوەی ئەو ناوچەیە. لە ھەردوو وڵاتەوە رێکاری پێویست لە دژی دزەکردنی تیرۆریستان دەگیرێتە بەر. میکانیزمێکی ھاوبەش بەمەبەستی چاودێریی کردن و ھەماھەنگیی یاداشتانامەکە درووست دەکرێت. ھاوشێوەی ئەوەی تا ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، تورکیا و رووسیا بەمەبەستی گەیاندنی قەیرانی سیاسیی سووریا بە چارەسەر درێژە بە ھەوڵەکانیان دەدەن. باوەڕم وایە لە رێگەی ئەم لێکتێگەیشتنەی کە لەگەڵ دۆستی بەڕێزم، پوتین ئەنجامماندا، دەست بە قۆناغێکی نوێ بە ئاڕاستەی سەقامگیریی ھەمیشەیی سووریا و پاککردنەوەی لە تیرۆر، دەکەین".

سەرکۆماری تورکیا ھیوای خواست لێکتێگەیشتنەکە ببێتە مایەی خێر و رایگەیاند: "وەک دراوسێ و دۆستی گەلی سووریا، لەپێناو دووبارە باڵادەست بوونەوەی ئاشتیی، ئاسایش و سەقامگیریی لەو وڵاتە، بە ھەموو ھێزمانەوە کاردەکەین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın