Selen Temizer,Mohamad Misto
26 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2017
ئهنقهره - AA
وەزیری دەرەوەی رژێمی ئەسەد، وەلید موعەلیم بێ ئەوەی ناویان بهێنێت پەیامێکی بۆ پەیەدە نارد و ئاماژەی بەوەکرد دەکرێت دانوستان لەبارەی داواکاریی ئۆتۆنۆمییەوە بکرێت.
وەلید موعەلیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی رەشا تۆدەی، رایگەیاندووە ''کوردەکانی سووریا داوای جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی لەچوارچێوەی سنوورەکانی وڵاتدا، دەکەن. ئەم بابەتە دەکرێت دانوستان و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت''.
وەلید موعەلیم راشیگەیاندووە ''دوای ئەوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش کۆتایی دێت، لەگەڵ برا کوردەکانمان لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشین و دەکرێت بگەینە شێوازێک لە رێککەوتن'' و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە پەند لەوە وەربگیرێت کە ئەمریکا چەندین جار هاوپەیمانەکانی لە رابردوودا جێهێشتووە.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سووریاوە، پێکدادانی بەهێز لە نێوان هێزەکانی رژێمی ئەسەد و پەیەدە رووینەداوە و هەردوولا لە زۆر بواردا هاوکاریی یەکتریی دەکەن. ئەو دوو لایەنە پێکەوە پارێزگاریی لە بیر و کێڵگەکانی نەوت دەکەن و نەوتەکەی لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، مەشقی هاوبەشی سەربازیی و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن. بەڵام لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی دێرازۆر لە خۆرهەڵاتی سووریا کە بەشارێکی دەوڵەمەند بە وزە دادەنرێت، گرژیی کەوتبووە نێوان رژێم و پەیەدەوە.
بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لەسەر نەخشە کردوویەتی، پەیەدە لەسەدا ٢٣ی خاکی سووریای بەدەستەوەیە کە رووبەری گشتیی بریتییە لە ١٨٥هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە.