Sarp Özer
20 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2022
ئەنقەرە - AA
ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی چنگ-شمشێر کە تیایدا ئامانجەکانی تیرۆر لە باکووری عێراق و سووریا بە لێدانێکی ورد کرانە ئامانج، لەلایەن وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار و شاندی یاوەری لە فەرماندەیی سوپای تورکیا لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییەوە بەڕێوەبرا.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی چنگ-شمشێر کراوەتە سەر ئەو ناوچانەی باکووری عێراق و سووریا کە لەلایەن تیرۆریستانەوە وەک بنکە بەکارهێنراون.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو هێرشانەی لە باکووری عێراق و سووریاوە ئەنجام دەدرێن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوور و ریشەکێشکردنی تیرۆر و بەپێی مافی بەرگری لەخۆکردن کە لە ماددەی ٥١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە بەڕێوەچوو، لەڕووی پلاندانان و جێبەجێکردن زۆر هەستیارانە بەڕێوەبرا.
بەرلە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە، وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار بە یاوەری سەرۆک ئەرکانی سوپا، جەنەراڵ یاشار گولەر و فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی، جەنەراڵ موسا ئاڤسەڤەر و فەرماندەی هێزەکانی دەریایی، ئەدمیراڵ ئەرجومەنت تاتڵیئۆغڵو سەردانی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانیی کرد.
خولوسی ئاکار دوای ئەوەی لەلایەن فەرماندەیی هێزەکانی ئاسمانیی تورکیا، جەنەراڵ ئاتیلا گولان-ەوە پێشوازی لێکرا، بە یاوەی شاندەکەی دابەزی بۆ ناوەندی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی.
دوای ئەوەی خولوسی ئاکار زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنە وەرگرت و رایگەیاند، ''لەئێستاوە دەست بە ئۆپەراسیۆنی چنگ-شمشێر دەکەین''، فڕۆکەکان لە بنکەکانیانەوە دەستیان بە فڕین کرد.
دوای ئەوەی ئامانجەکان بەوردی بەئامانجگیران و فڕۆکەکان بە سەلامەتی گەڕانەوە بنکەکانیان، وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار لە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە رێگەی ئامێری بێ تەلەوە لەگەڵ فڕۆکەوانانی بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەکە قسەی کرد و دەستخۆشی لێکردن.
خولوسی ئاکار رایگەیاند: ''ئامانجمان دابینکردنی ئاسایشە بۆ ٨٥ هاووڵاتی وڵاتەکەمان و سنوورەکانمان، لەگەڵ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هێرشێکی ناپاکانە کە دەکرێتە سەر وڵاتەکەمان، ئۆپەراسیۆنەکە کە لە نیوە شەوەوە دەستی پێ کرد بۆسەر ئامانجەکانی تیرۆریستان لە باکووری عێراق و سووریا، بە هەستیاری وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، بە سەرکەوتووی بەجێگەیەندرا''.
وەزیری بەرگریی تورکیا، ئەوەشی خستەڕوو کە سوپای وڵاتەکەی وەک ئەوەی لە هەموو چالاکییەکانیدا پەیڕەوی دەکات، لەم ئۆپەراسیۆنەشدا هەموو جۆرە رێکارێکی پێویستی گرتووەتەبەر لە رووی پلاندانان و جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی کەسانی بێ تاوان و دەوروبەر زیانیان پێ نەگات.
گوتیشی: ''بە سەرکەوتنێکی گەورە پەناگە، حەشارگە، ئەشکەوت، تونێل و کۆگاکانی تیرۆریستان خاپوور کران. لە نزیکەوە چاودێری ئەمانەمان کرد. بەوردی بەناو بارەگاکانی رێکخراوی تیرۆریستی کرانە ئامانج. تەنیا و تەنیا تیرۆریستان و پێکهاتەکانی سەربە تیرۆریستان کراونەتە ئامانج. بە سەرکەوتوویی پەناگە و حەشارگە و لانەی تیرۆریستان خاپوور کراون. تا ئەمڕۆ تۆڵەمان لەوانە کردووەتەوە کە ئاسایشی وڵات و گەلەکەمان دەکەنە ئامانج، بەردەوامیش دەبین''.
خولوسی ئاکار هەروەها باسی لەوە کرد کە خەباتەکەیان بە تێگەیشتنی ''ئەگەر بمرم شەهیدم، بشمێنمەوە جەنگاوەرم'' تا لە چالاکی خستنی دوایین تیرۆریست، درێژەی دەبێت.