AA,Abdullah Shukur
28 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2018
ئەنقەرە - AA
دوایین ئامادەکارییەکانی کردنەوەی فڕۆکەخانەی نوێی ئیستانبوڵ گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی کە بڕیارە سبەی دووشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم لە جەژنی کۆماردا بکرێتەوە و دوای ئەوەی کە بەتەواوەتی تەواوبوو دەبێتە گەورەترین فڕۆکەخانەی جیھان. سبەی دووشەممە سەرکۆماری تورکیا بە ئامادەبوونی میوانان لە سەرانسەری جیھانەوە، فڕۆکەخانەکە دەکاتەوە.
ئەوە راگەیەندرا کە لە رێورەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەکەدا ژمارەیەکی زۆر میوانی بیانیی لە سەرۆک، سەرۆکوەزیران و وەزیرانی گواستنەوە ئامادە دەبن. ئاماژە بەوەشدەکرێت ژمارەی ئەو کاربەدەستە باڵایانەی رایانگەیاندووە ئامادە دەبن لە ٥٠ کەس تێپەڕیوە.
رێورەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە و لە سەرانسەری جیھانەوە دەتوانرێت ببینرێت.
بە تێکڕایی فڕۆکەخانەکە لەسەر رووبەری ٧٦ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار مەتر چوارگۆشە بونیات دەندرێت و بۆ کردنەوەی یەکەم ھەنگاوی بە بڕی شەش ملیار یۆرۆ وەبەرھێنان کراوە. قۆناغەکانی دیکەی فڕۆکەخانەکەش کە پەیوەندیدارە بە زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران تاکو ٢٠٢٣ تەواو دەبێت.
فڕۆکەخانەکە کە لە بری ئەوەی بە سەرچاوەی گشتیی بونیات بندرێت بە مۆدێلی ئەنجام بدە-وەگەڕ بخە- رادەست بکە بە سەرچاوەکانی کەرتی تایبەت بونیات نراوە، دوای تەواوبوونی شەش فڕگەی سەربەخۆ، شوێنی ٥٠٠ فڕۆکە، گەراجی کراوە و داخراو کە جێگای ٧٠ ھەزار ئۆتۆمبێل و ئامێری تیادا دەبێتەوە، ساڵانەش جێی ٢٠٠ ملیۆن گەشتیاری تیادا دەبێتەوە بەمجۆرەش دەبێتە گەورەترین فڕۆکەخانە لەسەر ئاستی جیھان.
دوای ئەوەی تا کۆتایی ساڵ گواستنەوە تەواو دەبێت دەتواندرێت رۆژانە دوو ھەزار جار نیشتنەوە و فڕین ئەنجام بدرێت، زیاتر لە ٣٥٠ فڕین بۆ شوێنی مەبەست ئەنجام بدرێت. فڕۆکەخانەکە دەرفەتی کارکردن بۆ ٢٥٠ کۆمپانیای گەشتیاری و فڕۆکەوانی دەڕەخسێنێت.
لە لایەکی دیکەیشەوە تا کۆتایی ساڵ لەسەدا ٥٠ داشکان لە نرخی گواستنەوەی ئامێرەکانی گواستنەوەی گشتییدا دەکرێت لە فڕۆکەخانەکەوە بۆ ناو شاری ئیستانبوڵ و راگرتنی ئۆتۆمبێل لە گەراجەکانی ناو فڕۆکەخانەکەش بێبەرامبەر دەبێت.
ھاوکات ژمارەیەکی زۆری سەرکردەی جیھانی بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن، لەوانە سەرکۆماری ئەلبانیا، ئیلر مەتا و میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئالسانی و سەرکۆماری قرغیزستان، سۆرۆنبای جینبێکۆڤ و سەرکۆماری کۆسۆڤۆ، ھاشم تاجی و سەرکۆماری تورکی قوبرسی باکوور، مستەفا ئاکنجی و سەرکۆماری مەکەدۆنیا، جۆرج ئیڤانۆڤ و سەرکۆماری مۆڵدۆڤا، ئیگۆر دۆدۆن و سەرکۆماری پاکستان، عارف ئەلفی و وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف و چەندین سەرکردەی دیکە بەشداری لەو رێوڕەسمەکە دەکەن.