Ramal Mahmood
27 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2017
وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی فاتمە بەتول سایان کایا میوانی دیسکی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو بوو، تاوتوێی پێشھاتەکانی کرد و وەڵامی پرسیاری سەرنووسەران و پەیامنێرانی دایەوە.
کایا لەبارەی سیستەمی سەرۆکایەتیەوە گوتی: "سیستەمی سەرۆکایەتی، یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری بەتەواوی لەھەماھەنگیدا دەبن بەڵام بەشێوەی سەربەخۆ پراکتیزە دەکرێن و لە راستیدا سیستەمێکی زۆر چالاکە. ئەو سەرۆکەی لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە ھەڵدەبژێردرێت.، لەگەڵ راپەراندن بەشێوەیەکی زۆر چالاکانە دەتوانێت بە خێرایی بڕیار بدات. یاساکانی پەرلەمان جێبەجێ دەکات لەھەمانکاتدا بەجۆرێک لەجۆرەکان لێکۆڵینەوە لە دەسەڵاتی راپەراندنیش دەکرێت. ئێمە متمانەمان بە گەلەکەمانە. پێمانوایە گەلەکەمان دەنگ بەوە دەدەن دەسەڵاتەکان بدرێنە سەرکۆماری ھەڵبژێردراو".
کایا ئاماژەی بەوە دا لە کەمپینی ١٥٥ی تەمووزی پشتیوانی کردنی یەکتریدا، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ەوە ٣٠٩ ملیۆن لیرە کۆکراوەتەوە. گوتیشی: "بەم دواییە لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا ھەموارێکمان بۆ ئەو سەربازە بریندارانە کرد کە بە کەم ئەندام ھەژمار ناکرین. ئەوانەی کە بە کەم ئەندام ھەژمار ناکرێن و بەشێکی جەستەیان زیانی زیاتری بەرکەوتووە، سەرلەنوێ پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و ئەگەر بە پێویست بزانرێت مانگانەیان بۆ دەبڕێتەوە. ئێمە لەنێوان کەسوکاری شەھیدان و زیانلێکەوتووانی شەڕدا جیاوازی ناکەین."
لەبارەی خستە سەر کاری دەروونناسانیش گوتی: "تیمێکی پشتیوانی دەروونناسی ھەزار و ٢٠٠ کەس لە ھاوڕییانمان کە لە بواری کۆمەڵایەتیدا کاردەکەن، لە ١١ پارێزگادا توانیویانە بگەن بە ٥٠ ھەزار شوێن و، چاویان بە نزیکەی ٣٠٠ ھەزار کەس بکەوێت".
لەبارەی ئەو ھاوسەرانەیش کە لە بڕیاری لەیەکترجیابوونەوە پاشگەز بوونەتەوە گوتی: "لەکۆی ٧ ھەزار و ٥٠٠ ژن و میرد کە لەقۆناغی جیابوونەوەدا پەیوەندییان بە راوێژکاریی وەزارەتەکەمانەوە کردووە، نزیکەی سەدا ٣٨یان بڕیاریانداوە درێژە بە ژیانی ھاوسەرییان بدەن".
لەبارەی بنکەکانی راوێژکاری خێزانیشەوە، کایا گوتی: "لە گەڕەک و کوچە و کۆڵانەکانی ئیستانبوڵ ژمارەیەک بنکە دەبینم کە تابلۆی بنکەی راوێژکاری خێزانیان لێ نووسراوە. لەبارەی ئەوانەوە زانیاری زۆرمان پێگەیشتووە لەلایەن ھاووڵاتییانەوە لەبارەی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری ئەو ھاوسەرانە لەو شوێنانەلەیەک جیادەبنەوە. زۆربەی ئەم بنکانە لەلایەن کەسانی ناشارەزاوە کراونەتەوە کە بڕوانامەیان نییە و دەرچووی زانکۆ نین و کەسانی لەمجۆرە کاری تیادا دەکەن. بۆ پێشگرتن بەم کارە کەوتووینەتە خۆ، کارەکانمان بەپەلە بەڕێوە دەبەین بۆ داخستنی ئەو بنکانەی کە لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە بەڕێوە نابرێن یاخود مۆڵەتی فەرمییان نییە".
کایا لەبارەی ھاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی منداڵیان دەبێت، گوتی: "بە بڕی ٣٠٠ لیرە بۆ منداڵی یەکەم، ٤٠٠ لیرە بۆ منداڵی دووەم، بەبڕی ٦٠٠ لیرەش ھاوکاری منداڵی سێیەم و منداڵانی دیکەی تازە لەدایک بوو دەکرێت. تاکو ئێستا بەبڕی ٧٥٥ ملیۆن لیرە ھاوکاری یەک ملیۆن و ٧٧٠ ھەزار منداڵی تازە لە دایکبوو کراوە".
لەبارەی ھاوکاریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی گوتی: "لەکاتێکدا لە ٢٠٠٢ دا ژمارەی خاوەن پێداویستیی دامەزرێنراو لە فەرمانگەکاندا ٥ ھەزار و ٧٠٠ کەس بوو، بە دواین دامەزراندنەوە کە لە مانگی ئابدا ئەنجامماندا، گەیشتە ٤٩ ھەزار. پێش دەسەڵاتی ئاک پارتی ٤٥ ھەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا ٩٩ ھەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لە تورکیا کار دەکەن. ھاوکارییەکی کۆمەڵایەتی نویمان ھەیە. کارێکی ھاوکاری نوێ دەکەین بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی دریژخایەن، نەخۆشی قورس، ئەو کەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان ھەیە و بەھۆی نەخۆشی دریژخایەنەوە زیانی زۆری ماددیان بەرکەوتووە. ئێمە بۆ ئەوە رێوشوێنێک دەگرینەبەر. وا دەکەین کە پزیشکانی خێزان لە رۆژانی دیاریکراودا بە تەلەفۆن لەگەڵ ھاووڵاتیاندا قسە بکەن. بۆ ئەوەیش ھێڵێک دابین دەکرێت، وەک ھێڵی ١١٢، یان وەک ھێڵی ١٨٤ی ئێمە. کاتێک پەیوەندی دەکەن لەبارەی دۆخی نەخۆشییەکەتانەوە، ئەو پزیشکی خێزانییەی ئەو رۆژە ئێشکگرە قسەتان لەگەڵ دەکات. دەتوانن راوێژی پێ بکەن. بە واتایەک رێبەریتان دەکات. ئەگەر مەترسییەکی بچووک ھەبێت ئەوا رەوانەی بەشی دۆخی لەناکاوتان دەکات. ئەگەر مەترسیش نەبێت ئەوا ھەندێک رێوشوێنتان نیشان دەدات و ئامۆژگاریتان دەکات".