Ramal Mahmood
23 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2017
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە لە شاری ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوە دیپلۆماسیانەی ھەریمی کوردستان کە بەدەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گەیشتوون، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە لە شاری ئیستانبوڵ کۆدەبنەوە.
گوتەبێژ و جێگری سکرتێری گشتیی سەرۆکایەتی کۆمار، ئیبراھیم کاڵن لەبارەی سەردانەکەی بارزانییەوە، گوتبووی: "پرسێکی زۆر ھەیە قسەی لەسەر بکرێت. عێراق بۆ ئێمە لە ھەموو روویەکەوە گرنگە. لە رووی ئابووری بێت یاخود ئاسایشی سنوورەکانمان یاخود ھاوکاری مرۆیی و کولتووری بێت، گرنگە. ئەم ھاتوچۆیە گرنگییەکی زۆری ھەیە، چونکە لەگەڵ بەڕێز بارزانی و ئیدارەی ھەولێر لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پەکەکە لە ھەمان خاڵدا وەستاوین. لەوبارەیەوە ھەماھەنگی نێوان چەندە بەھێز بکەین، ئەوەندە سوودی بۆ ھەردوو وڵات دەبێت. ھاوکات ئێمە ھەموو کاتێک بەگوێرەی رابردووی گرژییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر جموجۆڵمان کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی ھاوسەنگی و ھەستیارییەکان، ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێت".
ھەروەھا لە بارەی ئەم سەردانە راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کیفاح مەحمود لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ئامانجی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بۆ تورکیا دەکات و دەڵێت چەند پرسێک لەسەر مێزی گفتوگۆی بارزانی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بیناڵی یڵدرم دەبێت.
کیفاح مەحمود لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند "سەردانەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەژێر رۆشنایی پەیوەندیی زۆر باش و پتەوی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دێت کە چەند ساڵێکە ئەو پەیوەندییە گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی تورکیاش بۆ ھەولێر ئاماژە و ئەنجامی باشی لێ کەوتەوە، بەدڵنیاییەوە لە کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرکۆماری تورکیا باسی ئەو لێژنانە دەکرێت کە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دروست کراون بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەتایبەتی بواری ئابووریی، ھەروەھا ھەردوو لا دوژمنێکی ھاوبەشییان ھەیە کە ئەویش تیرۆرە، داعش ھەرێمی کوردستان و تورکیاشی کردووەتە ئامانج، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوولا دەبێت".
گوتیشی: "پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا زۆر بەھێزە و پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر ھەیە بۆ خوشگوزەرانی زیاتر لەنێوان ھەردوو گەل بەتایبەت ئێمە مێژووییەکی ھاوبەشی دوور و درێژمان پێکەوە ھەیە، ھەروەھا لەو کۆبوونەوانەدا باسی پرسەکانی ئابووری و بەتایبەت پرسی وزە دەکرێت، لە چەند ساڵی رابردوو تورکیا ملیارەھا دۆلار وەبەرھێنانی لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، زۆر تەوەری دیکەش ھەن کە باس لە کۆبوونەوەکان باس دەکرێن".
سەبارەت بەوەی کە باسی پرسی سووریا دەکرێت، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کیفاح مەحمود گوتی "باوەڕناکەم کە ئەو مەسەلەیە باس بکرێت، چونکە زیاتر کۆبوونەوەکان بۆ پەیوەندیی ھەردوولایەن تەرخان دەکرێت".
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی دیراسات و توێژینەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، د.چنار سەعد عەبدوڵڵا لە بارەی سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ تورکیا کە بڕیارە رۆژی یەک شەممە ئەنجامی بدات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەموو سەردانێکی سەرۆکی ھەرێم بەتایبەت بۆ وڵاتانی ھەرێمی کاریگەریی پۆزەتیڤی خۆی دەبێت، بەتایبەت بۆ پتەوکردن و بەھێزترکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان و پەیوەندییەکانی دیکەش، ھەروەھا باس لە ھەماھەنگیی ھەموو لایەنەکان دەکرێت لەو کۆبوونەوانەدا لە مەسەلەی پرسی رووبەرووبونەوەی داعش، ھاوکات ئێستا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کوردستان بەگشتی زۆر بەجددی و راشکاوانە باس لە سەربەخۆیی دەکەین، پێشوازیکردنی تورکیا بەو شێوەیە لەم کاتەدا رازی بوونی خۆی بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی نیشان دەدات، ئێستا تورکیا دەزانێت ھەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات لەگەڵ عێراق باس لەمەسەلەی سەربەخۆ بوون و جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە ئەو پێشوازیکردنە بەو مانایە دێت کە تورکیا لە ئایندەدا نابێتە ھۆکارێک بۆ دروستکردنی کێشە لەبەردەم سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان".
چنار سەعد عەبدوڵڵا ھەروەھا لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "بەھێزبوونی پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان و تورکیا سوودەکەی بۆ عێراقیش دەبێت و رەنگە ھەرێمی کوردستان ببێتە ئەو پردەی کە پەیوەندیی ئەو دوو وڵاتەش باشتر ببێت لەرێگەی ھەرێمی کوردستانەوە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان روونیشی کردەوە "تورکیا دراوسێ و وڵاتێکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان ھەم لەرووی ئابووری و ھەم لەرووی دەروازەیەک بۆ ھەرێم و سوود وەرگرتنی ھەرێم لە کۆمپانیا و عەقڵی ئابووری ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی بێنە ئێرە وەبەرھێنان بکەن، ھەروەھا لەرووی سیاسییشەوە گرنگە، چونکە ھەرێم بەکۆمەڵێک وڵات چوار دەور دراوە کە ئەوانیش دەیانەوێت پەیوەندییەکانییان لەگەڵ دراوسێکان باش بێت بۆ ئەوەی کاریگەریی باشی لەسەر ئەوانیش ھەبێت، چونکە ئەو وڵاتانە کوردیشیان تێدایە، کە پەیوەندییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان باش بێت ئەوا پەیوەندیی پێکھاتەکانی ئەو وڵاتانەش باش دەبێت".
ھەروەھا گوتیشی: "دەبێت باڵانس رابگرین و پەیوەندییمان لەگەڵ وڵاتان و دراوسێیەکانی دیکەش باشتر بکەین و ئەو وڵاتانەش دەبێت بەھەمان شێوە دەستپێشخەری بکەن، چونکە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ئاسایشی ئەو وڵاتانەشە".
جێی ئاماژەیە سەرۆک وەزیرانی تورکیا، بیناڵی یڵدرم ٨ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم، مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی و کۆبووەوە.
رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ١٦ی شوبات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی ئاسایشی جیھانی لە شاری میونخ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێرەوە بەرەو ئەڵمانیا ڕێکەوت.
دوای ئەنجامدانی چەندین دیدار و کۆبوونەوە لە پەراوەێزی کۆنفرانسەکە، دوێنێ سێشەممە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا لە لایەن سەرۆکی فەڕەنسا، فڕانسوا ھۆڵاند لە کۆشکی ئەلیزە پێشوازیی لێکرا.