Dilşad Seyfeddin Ahmet
24 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2016
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان محەمەد ئەحمەد لەبارەی ئامادەكاریی و دوایین گۆڕانكارییەكان سەبارەت بە كۆنگرەی گشتیی حزبەكەی كە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو ( 28 -29 ی ئایار) لە شاری هەولێر بە بەشداری زیاتر لە هەزار ئەندام دەست پێ بكات و دوو رۆژ دەخایەنێت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
محەمەد ئەحمەد سەرەتا لە بارەی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەوە دوا و گوتی: "هەموو ئامادەكارییەكانی كۆنگرە بە كۆتا هاتووە و ئەندامانی كۆنگرە دەستنیشان كراون و پەیڕەو و پڕۆگرام ئامادە كراوە، لە ئەمڕۆشەوە دەستمان بە كۆنفرانسی ناوخۆیی ئەندامانی كۆنگرە كردووە تاوەكو مادە بە مادە ئەندامانی كۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بكەن و پەسەند بكرێت بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا پەسەندكردنی گشتیی بمێنێت. بۆ كۆنگرەش سێ لیژنە دامەزراوە لیژنەیەكیان بۆ ئامادەكارییەكان و پەیڕەو و پڕۆگرام، لیژنەیەكی تایبەت بە ئامادەكردنی ئەندامانی كۆنگرە و دابینكردنی پێداویستییەكانیان، لیژنەی سێهەمیش بۆ ئامادەكارییە ئیدارییەكانی كۆنگرە و رێكخستنی كاروبارەكان".
لە یەكەم رۆژی كۆنگرەدا بەتەمەنترین كەس كۆنگرەكە دەكاتەوە، دواتر ژمارەیەك لەو كەسانەی شارەزای كاروباری ئیدارین و خۆیان بۆ هیچ پۆستێك ناپاڵێون دەبنە سەرپەرشتیاری كۆنگرە.
محەمەد ئەحمەد هەروەها گوتی: "كۆنگرە سێ كار دەكات، ئیقراركردنی ئەو پەیڕەو و پڕۆگرام و دەستووری كارەیە كە بۆ چوار ساڵی داهاتووی یەكگرتوو داڕێژراوە، لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، هەڵبژاردنی ئەندامانی سەركردایەتی و دەستەی باڵای بەدواداچوون".
بڕیار بوو كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رۆژی هەینی ئەنجام بدرایە بەڵام رۆژی شەممەی رابردوو بە بڕیاری سەركردایەتی ئەو حزبە كاتەكەی خرایە رۆژێك دواتر و بۆ شەممەی داهاتوو دواخرا.
محەمەد ئەحمەد كە هاوكات یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی ئەو حزبەیە، لەبارەی جیاوازیی ئەم كۆنگرەیە لەگەڵ كۆنگرەكانی رابردوو گوتی: "ئەم كۆنگرەیە بڕیاری داوە كۆمەڵێك هاوسەنگی دروست بكات، لەوانەش پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بوارەكانی كاروباری سیاسی و كاروباری پەروەردە و پێگەیاندن و كاروباری بانگەواز و كاری جەماوەری، بۆ ئەو مەبەستەش سێ ئەنجوومەنیان بۆ دامەزرێندراوە تاوەكو گرنگییان پێ بدات. هەروەها لەم كۆنگرەیەدا بە ئامادەیی ئەمینداری گشتیی چەند كەسی تریش خۆیان دەپاڵێون بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی و ئەمینداری پێشووش دێتەوە كە ئەوە كێبڕكێیەكی گەرموگوڕ و دیموكراتیانە دروست دەكات. جگە لەوەش لە بری كۆنفرانس ئەنجوومەنێكی گشتیی دامەزرێندراوە كە ساڵانە كۆبوونەوەی خۆی دەكات".
ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو ئاماژەی دا بەوەی قەیرانەكانی ئێستای ناوچەكە و عێراق و هەرێمی كوردستان كاریگەری ئەوتۆیان بۆ سەر كۆنگرەی گشتی حزبەكەیان نابێت و بڕیاریان داوە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كۆنگرە ساز بكەن.
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لەبارەی ئەو كەسانەی خۆیان بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی حزبەكە پاڵاوتووە، ئاماژەی كرد بەوەی تائێستا چوار كەس خۆیان بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووەكە بریتین لە ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبەكە سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری ئێستای یەكگرتوو محەمەد فەرەج، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو محەمەد رەئوف، ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە ئەبووبەكر كاروانی.
ئەوەشی گوت: "ئەگەر هەیە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن لە كۆنگرەدا ژمارەی ئەو كەسانە زیاتر بكات، ئەو كەسانەی ئێستا خۆیان پاڵاوتووە دۆخێك بێتەوە پێشەوە و پاشەكشە بكات، گرنگ ئەوەیە لە هەموو دۆخەكاندا بە پڕۆسەیەكی ئازاد و شەفاف و دیموكراسیدا تێپەڕ دەكات".
ماوەی چەند ساڵێكە و بەشێك لە ئەندامانی ئەو حزبە داوای جیاكردنەوەی بەشی سیاسی و بانگەواز لە یەكتر و لێكردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە ناوی حزبەكەیان دەكەن، لەبارەی ئەنجامدانی گۆڕانكارییەكی لەو شێوەیە لە كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتوودا محەمەد ئەحمەد دەڵێت: "كۆنگرە هەندێك گۆڕانكاری دەكات بەڵام زۆر نییە، ناوی حزب وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئاڵای حزب وەك خۆیەتی و رەنگی قاوەییە بەڵام لۆگۆكەی سادەتر دەكرێتەوە و دەبێتە دوو دەست لە نێو مانگێكدا، لە كۆنفرانسە نێوخۆییەكانیشدا قسە لەسەر پاشگری ئیسلامی و كاری سیاسی و بانگەواز كرا بەڵام دەنگێكی كەمی هێنا و 85 لەسەدی ئەندامان داوایان كرد وەك خۆی بمێنێتەوە".
ئەو زیاتر دوا و گوتی: "ئەو واقیعەی لە توركیا و توونس و وڵاتانی تر هەیە دەكرێت لە هەندێكی سوود وەرگرین بەڵام ناتوانین كۆپی ئەوان بكەین چونكە دۆخی هەر وڵاتێك و هەر بزووتنەوەیەكی سیاسی جیاوازە لە یەكێكی تر".
بەرپرسەكەی یەكگرتوو باس لەوەش دەكات بەهۆی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حزبەكەی دەستیان بە كەمكردنەوەی ژمارەی دەزگاكانیان كردووە و 13 ئۆرگانیان لە سێ ئەنجوومەندا كۆكردتەوە.
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ساڵی 1994 دامەزراوە، تا ئێستا شەش كۆنگرەی گرتووە، سەڵاحەدین محەمەد بەهادین دامەزرێنەری ئەو حزبە و بەرپرسی یەكەم بووە تا كۆنگرەی پێشوو، دوای ئەوەی لە كۆنگرەی شەشدا بڕیاری دا خۆی نەپاڵێوێت، ئەمینداری ئێستای ئەو حزبە محەمەد فەرەج بە كێبڕكێ لەگەڵ سێ پاڵێوراوی تر زۆرینەی دەنگی هێناو و بووە دووەم ئەمینداری ئەو حزبە.
یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان 10 كورسی پەرلەمان و لە پەرلەمانی عێراقیش چوار كورسی پەرلەمانی هەیە.