شیکردنەوە

ھەڵەبجە.. رۆژی جیھانی منداڵانی ونبوو

- لە رۆژی جیھانی منداڵانی ونبوودا، لە شاری ھەڵەبجە یادی ئەم رۆژە کرایەوە و رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ کەسوکاری ئەو منداڵانە رێکخرا کە لە کارەساتی کیمیابارانکردنی شارەکەدا ونبوون.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 25.05.2018 - نوێکردنەوە : 29.05.2018
ھەڵەبجە.. رۆژی جیھانی منداڵانی ونبوو MN

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە ـ AA

ئەمڕۆ لە ھۆڵی مۆنۆمێنتی یادگاری ھەڵەبجە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کوردستان و بەرپرسانی حکوومی و حزبی شارەکە و کەسوکاری منداڵانی ونبووی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە، یادی رۆژی جیھانی منداڵانی ونبوو کرایەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا جگە لە پێشکەشکردنی چەند گوتارێک، ئەو کەسانەش خەڵات کران کە رۆڵیان ھەبووە لە دۆزینەوەی بەشێک لە منداڵانی ونبووی شارەکە، ھەروەھا پێشانگایەکی تایبەت بە وێنەی منداڵانی ونبووی ھەڵەبجە کرایەوە.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ئەمڕۆ رۆژی جیھانی منداڵانی ونبووە و لە ھەڵەبجەش کە قوربانی ھەیە لەو بوارەدا ئەم رۆژەمان یاد کردەوە و رێوڕەسمێکی تایبەتمان بەو بۆنەیەوە سازکرد".

لوقمان عەبدولقادر گوتی: "رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ ھاندان و ھەوڵێکی زیاترە بۆ سۆراخکردن و بەدواداچوونی کەیسی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە، ئەوەی بەلای ئێمەشەوە زیاتر گرنگ بوو بانگھێشتکردنی کۆمەڵێک رێکخراوێکی دەرەوەی وڵات بوو کە لەو بوارەدا کار دەکەن تاوەکو ھاوکارمان بن لە دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان".

بەپێی دوایین ئاماری کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ٧٦خێزانی شارەکە داواکاری خۆیان لە رێکخراوەکە تۆمارکردووە بۆ دۆزینەوەی ١٨٢ منداڵی ونبوویان کە لە کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا لە ساڵی ١٩٨٨ ونبوون، لەو کارەساتەدا کە لە رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ روویدا زیاتر لە پێنج ھەزار کەس بوونە قوربانی و ژمارەیەکی زۆریش کەوتنە ژێر کاریگەری گازەکە و بەهۆیەوە برینداربوون.

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئاماژەی کرد بەوەی بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە منداڵانی ونبووی ھەڵەبجە لەو وڵاتەدا ھەیە، بەڵام گرفت و کێشەی سەرەکی لە دۆزینەوەی منداڵەکان نەبوونی ناسنامە و بەڵگەنامەی پێویست و دەرکردنی ناسنامەی ئێرانییە بۆ ئەو منداڵانە.

تائێستا ھەشت منداڵی ونبووی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی پکشنینی DNA بۆیان، بە کەسوکاریان شاد بوونەتەوە.

لەنێو ئەو منداڵانەدا کەیسی مریەم باروتچیان کە بە ھاوناز ئەحمەد ناسراوە ھەیە و نۆیەم منداڵی دۆزراوەی کیمیابارانی ھەڵەبجەیە، ئەو لە کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا تەمەنی تەنھا ٨ مانگ بووە و لە خێزانەکەی دابڕاوە، دواتر لە لایەن خێزانێکی ئێرانی لە مەشھەد بەخێوکراوە.

مریەم دوای دەرکەوتنی راستییەکان بۆی، لە رۆژی ٣ ی ئایاری ٢٠١٥ گەڕایەوە پارێزگای ھەڵەبجە و لەو کاتەوە بەشوێن ناسنامە و خێزانەکەیدا دەگەڕێت. سەرەتاش مریەم و ٣٧ خێزانی ھەڵەبجە پشکنینی DNAیان بۆ کرا، تاوەکو یەکلا ببێتەوە مریەم منداڵی کام لەو خێزانانەیە، دوای ئەو پشکنینانە دادگا ناوی خێزانەکەی مریەمی ئاشکرا کرد، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم راگەیەندرا کە مریەم کچی ئەو خێزانە نییە.

ئەو کچە ونبووەی ھەڵەبجە تاوەکو ئێستا کەیسەکەی لە دادگای سلێمانییە و زیاتر لە ١٢ دانیشتنی دادگا تایبەت بە کەیسەکەی بەڕێوە چووە و بەدوای کەسوکاری راستەقینەی ئەو دەگەڕێن.

مریەم کە ئەمڕۆ ئامادەی رێوڕەسمەکەی ھەڵەبجە بوو، لە گوتەیەکدا داوای لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد کاری جددی بکات بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان و شادکردنەوەیان بە کەسوکاریان بە ڕێگەیەکی یاسایی.





بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın