Mazın Asad
03 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2016
جەرابلوس
دوای رزگارکردنی شارۆچکەی جەرابلوسی سەر بە شاری حەلەب لەدەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ژیان لە شارۆچکەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت.
لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە لایەن سوپای سووریای ئازاد بە پاڵپشتی سوپای تورکیا و رزگارکردنی شارۆچکەی جەرابلوس لەدەست داعش، خەڵکی شارۆچکەکە دەستیان بە کردنەوەی دوکانەکانیان کردووە.
لە شارۆچکەکەدا منداڵان و ئافرەتان بۆ شەقام و کۆڵانەکان دەردەچن و ھاتوچۆ و ژیانی ھاووڵاتیان ئاسایی بووەتەوە.
ھاووڵاتییەکی شارۆچکەکە بە ناوی دایكی حەبیب خۆی ناساند لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کاتێک سوپای سووریای ئازاد بۆ نێو شارۆچکەکە ھات، لە ترسی شەڕوپێکدادانەکان لەگەڵ منداڵەکان چوونین دەرەوەی شارۆچکەکە و گوتیشی: "بەھۆی ترسی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، منداڵانمان بۆ شوێنێکی ئارام گواستەوە. دوای ئەوەی سوپای سووریای ئازاد شارۆچکەکە رزگار کرد، خەڵکەکە دووبارەی بۆ ماڵەکانیان گەڕانەوە. ھەروەک دەبینن منداڵان لە کۆڵانەکان دەسووڕێنەوە. ئەندامانی سوپای سووریای ئازاد برای ئێمەن و رۆڵەی ناوچەکەن".
دایكی حەبیب ئاماژەی بەوەشدا کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوەڕێی رزگارکردنی شارۆچکەکەیان بوون و راشیگەیاند لەدوای ئاسایی بوونەوەی ژیان لە شارۆچکەکە، ھاووڵاتیان دەستیان بە گەڕانەوە کردووە.
ئەو ھاووڵاتییە سوورییە لە درێژەدا گوتیشی: "دووبارە بنکەکانی تەندروستی کرایەوە. کێشەی نەبووی پێداویستییە سەرەتاییەکانمان ھەیە. پێویستە دەستبەجێ ئەو پێداویستیانە دابین بکرێت. داوا لە دەزگاکانی خێرخوازی دەکەم ھاوکاریی پێویست رەوانەی جەرابلوس بکەن".
دایكی حەبیب روونیشی کردەوە کە ھێشتا کێشەی کارەبا، ئاو و خواردنیان ھەیە و جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای بوونی ئەو کێشانە، بەڵام بە ھاتنی سوپای سووریای ئازاد حەساونەتەوە و ترسی داعشیان نەماوە.
دایكی حەبیب گوتیشی: "ئەو ترسەی داعش دروستی کردبوو، بەھیچ شێوەیەک پێناسە ناکرێت. پەنا بەخوا جارێکی دیکە نایەنەوە. پێش ھەموو شتێک داوای ئاسایشی شارچکەکە دەکەین. پێویستە سوپای سووریای ئازاد پێشڕەوی زیاتر بکەن و ناوچەکە لە داعش پاک بکەنەوە".