Emre Gürkan Abay
28 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2018
مۆسكۆ- AA
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه كۆنترۆڵكردنی خاكی سووریا له‌لایه‌ن رێكخراوێكی تیرۆریستییه‌وه جا هه‌ركه‌سێكی له‌پشته‌وه بێت ئه‌و رێكخراوه، مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی ئه‌و وڵاته و رایگه‌یاند: "ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه هاوكات مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی ئێمه. هه‌ربۆیه پێویسته ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییانه رێك هاوشێوه‌ی داعش، خاكی سووریا جێبهێڵن".
مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵیی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه له‌گه‌ڵ هاوتا رووسییه‌كه‌ی، سێرگی لاڤرۆڤ و هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیا، روونكردنه‌وه‌ی دایه رۆژنامه‌وانان.
چاوش‌ئۆغڵو جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه هه‌ریه‌ك له گرهنتیكارانی پرۆسه‌ی ئاستانا، توركیا، رووسیا و ئێران هاوڕان له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و رایگه‌یاند:
"به‌م تێگه‌یشتنه‌وه، درێژه به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان، داعش، ئه‌لقاعیده، په‌كه‌كه و په‌یه‌ده ده‌ده‌ین. وه‌ك توركیا له‌رێگه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فورات و لقی زه‌یتونه‌وه نزیكه‌ی چوار هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌مان له تیرۆریستان پاككردووه‌ته‌وه. له ئێستادا پێویسته هه‌موومان پێكه‌وه هاوكاربین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خوشك و برا سوورییانهمان كه ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێلن، بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌و ناوچانه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌پێویستی زانی چاره‌سه‌رێكی سیاسیی بۆ قه‌یرانی سیاسیی سووریا بدۆزرێته‌وه و رایگه‌یاند: "گرنگترین شت ئه‌وه‌یه كه پرۆسه‌یه‌كی چاره‌سه‌ریی بێت كه له‌لایه‌ن سوورییه‌كانه‌وه خاوه‌ندارێتیی بكرێت و به‌ڕێوه‌ببرێت و ئێمه‌ش خوازیاری ئه‌مه‌ین. كۆبوونه‌وه‌كانی ئاستاناش كه به‌م تێگه‌یشتنه‌وه به‌ڕێوه‌مان بردووه، تا راده‌یه‌كی باش ده‌ستبه‌به‌ری كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژیی له سووریا كردووه. پێشێلكاریی ئاگربه‌ست كه‌مبووه‌ته‌وه. ده‌توانین بڵێین كه قۆناغی ئاستانا تاكه هه‌وڵی نێوده‌ڵه‌تیی كاریگه‌ره له‌باره‌ی سووریاوه".
هه‌روه‌ها گوتی: "كۆبوونه‌وه‌كانی جنێڤ وای لێهاتووه كه چاوه‌ڕێی ده‌ره‌نجامه‌كانی ئاستانا ده‌كات. له بنه‌ڕه‌تدا دوایین شه‌ش گه‌ڕی دانوستانه‌كانی جنێڤ له سایه‌ی قۆناغی ئاستانه‌وه، توانرا سازبكرێن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه با هیچ كه‌س رۆڵی ئاستانا پشتگوێ نه‌خات".
- دانوستانه‌كان سه‌باره‌ت به منبج له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا
مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو وێڕای ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كه كۆنترۆڵكردنی خاكی سووریا له‌لایه‌ن رێكخراوێكی تیرۆریستییه‌وه جا هه‌ركه‌سێكی له‌پشته‌وه بێت ئه‌و رێكخراوه، مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی ئه‌و وڵاته و رایگه‌یاند: "له منبج و به‌تایبه‌ت له خۆرهه‌ڵاتی فورات، به‌شێكی گرنگی خاكی سووریا به‌داخه‌وه له ژێر كۆنترۆڵی یه‌په‌گه‌دایه. له‌وێ پێكهاته‌ی دیمۆگرافییان گۆڕیوه. یه‌په‌گه\په‌كه‌كه رێكخراوێكی تیرۆریستییه. ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه هاوكات مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ئاسایشی ئێمه. هه‌ربۆیه پێویسته ئه‌م رێكخراوه تیرۆریستییانه رێك هاوشێوه‌ی داعش، خاكی سووریا جێبهێڵن".
چاوش‌ئۆغڵو راشیگه‌یاند:
"له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و بابه‌ته‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا باسمان كردووه، ئه‌مه‌یه. تا ئه‌مڕۆ ئه‌مریكا پشتیوانیی جدیی له‌م رێكخراوه تیرۆریستییه كرد. له ئێستادا له‌پاڵ بڕینی ئه‌و پشتیوانییانه‌دا، له ٢٠١٦ه‌وه به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی به‌ئێمه داوه كه یه‌په‌گه له‌و ناوچانه، به‌تایبه‌ت به ده‌ستپێكردن له منبجه‌وه، ده‌كشێته‌وه. له‌و رۆژه‌وه تا ئێستا ئه‌و به‌ڵێنه به‌ردوام جه‌ختی لێده‌كرێته‌وه. ئه‌و بابه‌ته‌ی كه ئێمه جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م به‌ڵێنه جێبه‌جێبكرێت و یه‌په‌گه له‌و ناوچانه بكشێته‌وه".