Sarmand Hameed
06 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2017
هەولێر - AA
بەبۆنەی یادی ڕۆژی شەهیدی كلدان سریان ئاشووری، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "لە یادی ڕۆژی شەهیدی كلدان سریان ئاشووری كە هاوكاتە لەگەڵ سێیەمن ساڵیادی پەلاماری دڕندانەی داعش بۆ سەر خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تر لە دەشتی نەینەوا، ئەوە دووپات دەكەمەوە كە خوشك و برا مەسیحییەكان لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندەدا لە ئازار و سەركەوتنەكاندا لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی تری كوردستان هاوچارەنووس و هاوبەشن".
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی یادی ڕۆژی شەهیدی كلدان سریان ئاشووری هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدانی كوردستان و شەهیدانی كۆمەڵكوژییەكەی سێمێل دەنێرین كە لەسەر دەستی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق لە 7ـی 8ـی 1933 ئەنجام درا و ژمارەیەكی زۆری خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە شێوەیەكی دڕندانە شەهید كران.
كۆمەڵكۆژییەكەی سێمێل بەشێكە لەو نەهامەتی و كارەساتانەی كە بەسەر هەموو خەڵكی كوردستاندا هاتووە و بەڵگەیەكی بەهێزیشە لەسەر ئەوەی لە دەوڵەتی عێراقدا نەك تەنیا شەراكەت مانای نەبووە بەڵكو جینۆساید و قڕكردن و كۆمەڵكوژی بەشی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكاندا بووە.
لە یادی ٨٤ ساڵەی ئەو كارەساتە كە هاوكاتە لەگەڵ سێیەمن ساڵیادی پەلاماری دڕندانەی داعش بۆ سەر خوشك و برا مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی تر لە دەشتی نەینەوا، ئەوە دووپات دەكەمەوە كە خوشك و برا مەسیحییەكان لە ڕابردوو و ئێستا و ئاییندەدا لە ئازار و سەركەوتنەكاندا لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی تری كوردستان هاوچارەنووس و هاوبەشن.
ئێستایش كە گەلی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت ماف و داواكاریی خوشك و برا مەسیحییەكان لە كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا پارێزراو دەبێت و برایەتی و پێكەوەژیان لە كوردستان پتەوتر دەبێت.
تاكە دەرمانی هەموو ئازارەكانمان و تاكە زامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان ئەوەیە كە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێین.
مەسعود بارزانی
6ـی 8ـی 2017