jamal sargaty
30 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 31 مای,س 2016
سلێمانی
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نووسینگەی سلێمانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتار مووسەنا ئەمین رایگەیاند "لەسۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مافە رەواكانی گەلەكەمان و یەكریزی سیاسیی فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا، هەمیشە هەوڵمانداوە كە بەهەموو توانایەك و زۆرجاریش بە تەنازوول لەزۆر مافی خۆمان و حزبەكەمان سووربین لەسەر پاراستنی یەكریزی گەلی كورد".
گوتیشی: "بۆیە دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و گەڕانەوەی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ كوردستان و شكاندنی نیسابی یاسایی و گرێدانی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، ئێمە هەوڵمان دا هەموو حزبە سیاسیەكان لەسەر هەردوو ئاستی مەكتەبی سیاسی و فراكسیۆنەكان لە سلێمانی كۆبكەینەوە بەڵام تەنها سەرۆك فراكسیۆنەكان هاتن، دواتر بڕیامان دا كە پێكەوە سووربین لەسەر بەدەستهێنانی هەندێك مافی گەلەكەمان وەك پێش مەرجی گەڕانەوەمان بۆ كارەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەروەها وەرگرتنی گەرەنتی ئەمنی بۆ كورد لە بەغدا".
مووسەنا ئەمین راشیگەیاند "بەداخەوە بەبێ رێككەوتن و بەبێ رەزامەندی ئێمە و وەك یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و بەبێ حسابكردن بۆ یەكریزی، ئەو كارتە فشارەی كە هەبووە لەلایەن فراكسیۆنەكانی ترەوە لەدەست دراو نیسابی ئەنجوومەنی نوێنەران تەواوكرایەوە بەبێ ئەوەی عەبادی و حكوومەتەكەی هیچ بەڵێنێك بۆ كورد جێ بەجێ بكەن". ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بۆئەوەیش كرد كە وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی كورد بوو بە هۆكاری ئەوەی نیسابی پەرلەمان تەواوبكرێت ئەوا ناچار دەبێن بگەڕێینەوە پەرلەمانی عێراق و پاش ئەوەی ئەو قەیرانانەی كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و هەروەها سەرباری ئەوەی كە مووچە و قووتی خەڵكی نادرێت وئەوەیش هۆكاری ئەوەیە كە سەركردایەتی كورد ناتوانێت تەنها كۆبوونەوەكیش بكات تاكو گرفتەكان چارەسەر ببن و پێگەی كورد لە بەغدا لاواز بووە و پێویستە پێگەی كورد بگەڕێنرێتەوە دۆخی جارانی خۆی".
مووسەنا ئەمین گوتیشی: "ئێمە زانیاریمان هەیە لەوەی كە سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ عەبادی كۆبوونەوە كەسەرۆكوەزیرانی عێراق هیچ بەڵێنێكی جێبەجێ كردنی بە كورد نەداوە و تەنها كۆمەڵێك لە بەڵێنی گشتی نەبێت هیچ پێویستیش نەبوو كە كورد ئەو كارتی فشارە لەدەستی خۆی بدات". لەو كۆنگرەیەدا ئەوەشی ئاشكراكرد "ئێمە هەمووكاتێك هەوڵ دەدەین یەكریزی كورد لە پەرلەمانی عێراق بپارێزین و نابینە هۆكار بۆ تێكدانی یەكریزی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران تەنها داوامان كردووە كە حكوومەتی عێراق بەڵێنەكانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان جێ بەجێَ بكات". لەكۆتایی كۆنگرەكەدا مووسەنا ئەمین گوتیشی: "خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە لە كۆبوونەوەی عەبادی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان هیچ بەڵێنێك نەدراوە كە لەو 15 ملیار دۆلارەی كە وەك قەرز بەعێراق دەدرێت پشكی كوردی تێدانابێت وپارەی گەنمی جووتیارانیش بەشێوەی قیست دابەش دەكرێت".