Ramal Mahmood
11 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2016
حەلەب
فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بەرلە راگەیاندنی ئاگربەست کە بڕیارە سبەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەبۆمبی هێشوویی، هێرشیانکردە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی ساڵحینی باکووری حەلەب کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریادایە، لە ئاکامدا ١٠ کەس گیانیان لەدەست دا و ١٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.
یەکێک لە بەرپرسانی بەرگریی شارستانی حەلەب بە ناوی نەجیب ئەنساری بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بە بۆمبی هێشوویی هێرشیانکردووەتە سەر گەڕەکی ساڵحینی باکووری حەلەب کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریادایە و لە هێرشەکە دا ١٠ هاووڵاتی سڤیل کە دووانیان ژن وحەوتیان مناڵن گیانیان لەدەستداوە و ١٨ کەسی دیکەشش برینداربوون.
نەجیب ئەنساری ئاشکرایکرد تیمەکانی بەرگریی شارستانی وێڕای کەمی پێداویستیی مردووان و بریندارانیان لە ژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکاندا دەرهێناوە و گوتی: "فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و رژێمی بەشار ئەسەد تەنانەت لە رۆژی عەرەفەشدا هاووڵاتییانی سڤیل دەکەنە ئامانج. دوو رۆژە لەسەریەک بازاڕ و ناوشاری حەلەب و دەوروبەری بۆردوومان دەکەن".
ئەنساری نارەزایەتیی بەرامبەر هێرشی فڕۆکەکانی رووسیا بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەربڕی و گوتی: "ئەوە ستەمکارییە. شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل بۆردوومان دەکەن".
ئەمریکا و رووسیا دوو رۆژ لەمەوبەر رێککەوتن لەسەر راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە سووریا و راگەیاندنی ئاگربەست لە ١٢ی ئەیلوولدا کە هاوکات یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە.
دوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی سووپای سووریا هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بازاڕی شاری حەلەب و ئیدلب، لەئەنجامیشدا بەلایەنی کەمەوە ٥٢ کەس گیانیان لەدەستدا و ١١٤ کەسی دیکەش برینداربوون.