Rewa Mahmut Hasan,Sarmand Hameed
29 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2016
ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە مەیدانی کازان گوتەیەکی پێشکەش بە هاووڵاتیان کرد.
سەرەتا یڵدرم ئاماژەی بەوەدا کە بنکەی سەربازی ئاکنجی دادەخەن کە تێیدا کودەتاچییەکان هەوڵی ئەنجامدانی کودەتایان لێوە دەست پێ کرد و دەکرێتە شوێنێک بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ئەو رۆژە.
یڵدرم ئاماژەی بەوەدا کە ١٥ی تەمووز ناوی دووەمی جەنگی رزگاری تورکیایە و هەموو رۆژێک لەو کاتەدا یادی شەهیدانی دیموکراسی دەکەنەوە. راشیگەیاند کە ئەو ناوەندە سەربازیانەی تانکەکانیان لێ هینراوەتە دەرەوە دادەخرێن و گوتی: "هەموو ئەو سەربازگانە دادەخەین کە تانکیان لێ هێنرایە دەرەوە و هەلیکۆپتەرەکانیان لێوە هەڵدەستا. ئەوانەی لە ئەنقەرە و لە ئیستانبوڵ تانکەکانیان دەردەکرد،هەموو ئەو سەربازگانە دادەخەین. ئەوانەی تانکیان دەردەکرد لێیەوە، ئیتر تانک و تۆپمان ناوێت لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ. خۆ دوژمن لەوێ نین. شوێنی دوژمن دیارە لەکوێیە".
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا سەرۆكوەزیرانی توركیا هەرەشەی تۆڵە سەندندەوەی لە کودەتاچییەکان کرد و گوتی: "لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە ئەو تانک، هەلیکۆپتەر و فڕۆکانەی بە خوێنی میللەت کڕوان، بردیان و بۆردومانی ئێوەیان پێ کرد. دەبێت باجەکەی بدەن".
لەبارەی هەولەکانی هێنانەوەی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵا گولەن، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان سوورن لەسەر هێنانەوەی ناوبراو و گوتی: "دەمەوێت ئەوە بزانن کە کەس ناتوانێت ئەم وڵاتە و ئەم میللەتە ئازیزە پارچە پارچە بکات و لەیەکی جیا بکاتەوە. سەرکردەی ئەو گرووپە تیرۆریستيیەی کە لە ئەمریکایە و بەرپرسیاری ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکەیە هەر دەیهێنینەوە بۆ تورکیا".