Hemn Osman
23 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2015
لە میانی پێشكەش كردنی وتاردا لە كاتی كردنەوەی كۆمەڵە پرۆژەیەكی وەزارەتی كاروباری ئاو و دارستان، سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند: "لەكاتێكدا ئێمە ژمارەیەكی زۆر وێستگەمان بەمەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كردووەتەوە، لەكاتێكدا سەرگەرمی كاركردنین لەسەر پرۆژەی نوێ، چنگێكی رێگر كە گوایە بەرگری لە مافی دانیشتوانی ناوچەكە دەكەن، تەنها دەڕوخێنن، دەسووتێنن و وێرانكاری ئەنجامدەدەن، تیرۆری ناوچەكە دەكەن، هاووڵاتییان لە ماڵ و حاڵیان دەكەن. ئەوان دەیانەوێت هاووڵاتییانمان ببنە قوربانی، بێكار و بێ خوێندن و پەروەردە بن. ئەوەی لەدەستیان بێت دەیكەن بۆ ئەوەی ناوچەكە پاشكەوتوو بێت. بەڵام با ئەوە بزانن كە ئێمە نە لەرابردوودا رێگەمان بەمانە داوە، نە لەئێستادا رێگەیان دەدەین و نەلە داهاتووشدا".
گوتیشی: "دوێنێ بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن داوای كۆبوونەوەم كرد. هیوادارم ئەوانیش بەهەمان تێگەیشتنەوە كە چوارساڵی داهاتوومان، سەرەڕای ئەوەی رەخنە لەیەكتری دەگرین، ئەگەر پێویستی كرد ركابەریی سیاسیی یەكتری دەكەین، بەڵام لە كۆتاییدا قۆناغێك دەست پێ بكات كە بەرژەوەندی وڵاتەكەمان لەسەرووی هەموو جۆرە بەرژەوەندییەكی سیاسییەوە بێت. جیاوازی ئێمە ئەوەیە هەموو توركیامان گرتووەتەوە".