Rewa Mahmut Hasan
13 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2016
ئەرزینجان
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاری ئاکپارتی لە شاری ئەرزینجان گوتەیەکی پێشکەش کرد.
ناوبراو باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی سەر پەکەکە کرد و گوتی: "دوای سلۆپی، رۆژی پێنچشەممە ئەو ئەنجامەی چاوەڕێمان دەکرد لە جزیرەش بەدەستمان هێناو ئۆپەراسیۆنەکان کۆتاییان هات. دوای سلۆپی لە جزیرەش هیچ چاڵێک و هیچ بەربەستێک و هیچ مینێک نەماوە. ئەمڕۆ شەقامەکانی جزیرەش هاوشێوەی شەقامەکانی تری نیشتیمان گەیشت بە ئاسایش و خۆشگوزەرانی".
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا داودئۆغڵو باسی لە هێرشەکانی پەیەدە کرد لە ناو سووریا و ئاماژەی بەوەدا کە پەیەدە پاکتاوێکی نەژادی ئەنجام دەدات و رایگەیاند: "پاکتاوێکی نەژادی پەیرەو دەکات و تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. بەڵگەی هەموو ئەمانە لەبەردەستدایە. دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ئەم بەڵگانەیان کۆکردۆتەوە. ئێمە چاوەڕوانیمان هەیە لە ئیدارەی ئەمریکا کە لەوباوەڕەداین هاوپەیمانمانە، لەبەرامبەر ئەو پاکتاوە دژە مرۆڤانەیەدا، هەڵوێستێکی روونی هەبێت. بەڕوونی دەیڵێم، هەرکاتێک هەڕەشەیەک هەبێت لەسەر تورکیا، ئەوا هەمان ڕێوشوێن کە لەعێراق و قەندیل گرتومانەتە بەر، لە سووریاشدا دەیگرینە بەر .چاوەڕێش دەکەین لەکاتێکی وەهادا وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان لەگەڵمان بن کاتێک رووبەڕوو بوونەوەیەکی لەو چەشنە ئەنجام دەدەین".
لەبارەی داخستنی راڕەوی مرۆیی نێوان تورکیا و حەڵەب داودئۆغڵو هۆشداری دا لەهەمبەر کەوتنەوەی کارەساتێکی مرۆیی لەحەڵەب و گوتی: "راڕەوی لۆجیستی مرۆیی نێوان تورکیاو حەڵەب لەلایەن ئەم هێزانەوە داخراوە، ئەمە بەربەرێتیە، ستراتیژییەکی جەنگییە بە ئەقڵیەتی چاخەکانی ناوەڕاست. ئەگەر ئەم راڕەوە لۆجیستییە نەکرێتەوە، ئەوا بە سەدان هەزار سووری کە لەناو حەڵەبدا ماونەتەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی برسێتی دەبنەوە، کە ناتوانن بێنە تورکیا. ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە یارمەتی براکانمان دەدەین لە حەڵەب، ئەوانەی پێویستە وەریان دەگرین، بەڵام هەرگیز رێگە نادەین حەڵەب لەرێی پاکتاوی نەژادیەوە چۆڵ بکرێت".