Azad Muhammed
15 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 16 تشرینی یەکەم 2016
دهؤك
سەر لە بەیانی تا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەربازگەی ئەمریکا لە باشیک بۆ یەکەم جار دەستیکرد بە بۆردومان کردنی پێگە و بارەگاکانی چەکدارانی داعش لە ناوەڕاستی شارەدێی باشیک و دەوربەری.
لەکاتی نزیک بوونەوەمان لە میحوەری باشیک دوکەڵێکی رەش ئاسمانی مووسڵ و شارەدێی باشیکی تەنی بوو، فەرماندەیەکی پێشمەرگەیش بەناوی عومەر حوسێن لە لێدوانێکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "چەکدارانی داعش دەستییان کردووە بە سووتاندنی تایە و نەوتی رەش و کەلوپەڵی دوکەڵدار تاوەکو بتوانن خۆیان لە بۆردومانی ھێزەکانی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانێتی دژی داعش بپارێزن، ئەو دوکەڵەی ئاسمانی ناوچەکەی تەنیووە بەھۆی سوتاندنی نەوتەوەیە لەلایەن تیرۆرستانی داعش، ئەمەیش ئاماژەیەکە بۆ کۆتایی ھاتن بە حوکمی تیرۆرستانی داعش".
دوای ھەڵکردنی بایەکی بەھێز کە بووە ھۆی راماڵینی دوکەڵە رەشەکەی ئاسمانی مووسڵ، راستەوخۆ بۆردومانێکی چڕ و سەخت دەستپێکرد بۆ سەر پێگەکانی داعش ھەموو پێشمەرگەکانی میحوەری باشیک بە دەنگی بەرزەوە بە یەکترییان گوت: "سەربازگەی ئەمریکا لە میحوەری باشیک بۆ یەکەمجار دەستییان کرد بە بۆردومانکردنی تیرۆرستانی داعش، بێگومان ئەمە سەرەتایە تا کۆتایی بەردەوام دەبێت، زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگە تەنھا لە یەک قۆڵی میحوەرەکە دڵنیاییاندا کە ئەو بۆردومانە راستەوخۆ لە رێگەی تۆپخانەکانی سەربازگەی ئەمریکاوە بووە کە ماوەیەکە لەسەر چیای باشیک جێگیر کراون".
دوای بۆردومانی تۆپخانەکانی سەربازگەی ئەمریکا، چەکدارانی داعش لە رێگەی ھاوەنەوە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان بە چڕی بۆردومان کرد، پێشمەرگەیش چاوەڕوانی جموجۆڵی چەکدارانی داعشی دەکرد بۆ ئەوەی وەڵامیان بدەنەوە، دواتر بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە روون بووەوە کە چەکدارانی داعش ھێرشیان نەکردووە تەنھا لە دوورەوە بۆردومانیان کردووە.
ھەر لەکاتی بۆردومانە چڕەکەی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە، دوو فڕۆکەی ھاوپەیمانان گەیشتنە ئاسمانی میحوەرەکە و دووجار بۆردومانی ناوەندی باشیکیان کرد، پێشمەرگەیەکیش بەناوی جەماڵ رەسوڵ لە بەرەی پێشەوەی میحوەرەی باشیک گوتی: "ئەو بۆردومانەی فڕۆکەکانی ھاوپەیمانێتی دژی داعش پێگەیەکی تیرۆرستانی داعش و ئۆتۆمبێڵکی ھاوەن ھەڵگری کردووەتەوە ئامانج، چونکە ئێمە زانیارییمان ھەیە لە دوو رۆژی رابردوودا داعش لەو ناوچەیە ھێزەکانی پێشمەرگە بۆردومان دەکرد".
ھێزەکانی پێشمەرگە سەرقاڵی نوێژی نیوەڕۆ بوون بەشێکیشیان ژەمە خواردنیان ئامادە دەکرد، لەکاتی خواردنی نانی نیوەڕۆ داعش لە رێگەی ھاوەنەوە جارێکی دیکە سەنگەرەکانی ھێزەکانی پێشمەرگەی بۆردومان کرد، بەڵام ھیچ بۆردومانێکی چەکدارانی داعش ئامانجەکانیان نەپێکا و دوای کاتژمێرێک دۆخەکە بە ئارامی تێپەڕی و ھێزەکانی پێشمەرگەیش دەست لەسەر چەک، خەریکی گۆرانی گوتن و دەربڕینی خۆشی بوون، دوای نیوەڕۆ جارێکی تر تۆپخانەکانی ئەمریکا دەستیان کرد بە بۆردومانکردنی چەکدارانی داعش و پێگەیەکی داعشیان لە نزیک رێگای قۆپان خاپوور کرد.
سەربازگەی ئەمریکا دەکەوێتە سەر چیای باشیک چواردەوری سەربازگەکە بە شێوەیەک تەڵبەند کراوە کە بە ھیچ شێوەیەک نەکەوێتە بەر زوومی کامێرا و چاوی مێدیاکاران، فەرماندەکانی میحوەرەکەیش زانیاری لەسەر ئەو سەربازگەیە نادرکێنن، تەنھا دەڵێن: "دواتر زانیارییەکانتان بۆ ئاشکرا دەکەین".